پارتی و یەكێتی كارنامەی ھاوبەش ئامادە دەكەن

یەكێتی و پارتی بە كارنامەی ھاوبەش دەچنە بەغدا

K24 - ھەولێر

بڕیارە سبەی ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھەولێر كۆببنەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرای دەكات، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی كارنامەی ھاوبەشی ھەردوولا دەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق.

سه‌عدی ئەحمەد پیره،‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یەكێتی به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند: "سبه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی كۆده‌بنه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ئاماده‌كردنی كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌شە بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق".

گوتیشی: "ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان، بیانەوێت دەتوانن بەشداری لە كارنامە ھاوبەشەكە بكەن و بۆچوونی خۆشیان لەسەر ئەو كارنامە بدەن و دەوڵەمەندی بكەن".

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندی ھەردوو ھاوپەیمانیەتی فەتح و دەوڵەتی یاسا بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەكانی ھەرێمی كوردستان گەیشتنە ھەولێر و ئەو پرسەیان لەگەڵ لایەنەكانی كوردستان تاوتوێكرد. ھاوكاتی پارتی و یەكێتی رایانگەیاندووە كە بە كارنامەیەكی ھاوبەش دەچنە بەغدا.

ھ.م