حه‌شدی شه‌عبی له ئه‌مه‌ریكا ناترسێ
گوته‌بێژی نوجه‌با: عێراق، سعوودییه نییه تا به‌ئاسانی بتوانێت پیلانگێڕی به‌سه‌روه بكات

K24 - هه‌ولێر:
بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با كه میلیشیایه‌كی چه‌كداری ناو حه‌شدی شه‌عبییه، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 11/7/2018 وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای داوه‌ته‌وه كه گوتبووی: "واشنتن به‌ر به چالاكییه‌كانی میلیشیا شیعییه‌كانی عێراق ده‌گرێت".
ئه‌بو وارس موسه‌وی، گوته‌بێژی نوجه‌با ده‌ڵێت: "ئێمه نه له ئه‌مه‌ریكا ده‌ترسین، نه له تره‌مپ و هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته، رێگه‌شیان ناده‌ین عێراق بكه‌نه شانۆیه‌ك بۆ ئاژاوه. ئه‌و لێدوانانه‌ی مایك پۆمپیۆ ده‌ستوه‌ردانه له كاروباری عێراق و قیزه‌ونه".
موسه‌وی گوتوویه‌تی: "ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا بزانێت، عێراق، سعوودییه نییه تا به‌ئاسانی بتوانێت پیلانگێڕی به‌سه‌روه بكات به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یه‌وێت".
ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌ر گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی بكاته ئامانج له عێراق یان ململانێ درووست بكات، ده‌سته‌وه‌ستان نابن و به توندی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه و رێگه ناده‌ن سه‌روه‌ری عێراق بخاته ژێری پێییه‌وه".
رۆژی 10/7/2018 مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبووو: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌سته به به‌رنگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته شه‌ڕانگێزییه‌كانی ئێران و كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه‌كانی سه‌ر به تاران له یه‌مه‌ن و عێراق و سووریا و لوبنان له قاڵب بده‌ین".