ترسی میلیشیاكان ناهێڵێ ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌

ئاواره‌ سوننه‌كان نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌

K24 - گەرمیان

وێڕای ئازادکردنی ناوچەکانیان بە ھەزاران خێزانی عەرەبی سوننه‌ی پارێزگاکانی سه‌ڵاحه‌دین و روومادی ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەھۆی ئەوەی لەلایه‌ن میلیشیاکان و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە بەرشاڵاوی رەشبگیری دەکەون و تۆمەتی داعش بوون دەخرێتەپاڵیان.

زیاتر لە سێ ساڵە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق، لەگەڵ زیاتر لە 12ھەزار کوردی ئاوارەی دوای 16 ئۆکتۆبەری ناوچە کوردستانێکان لەنێو کەمپی ئاوارەکانی گەرمیان دەژین، ئەو ئاوارانەش لە ترسی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ناگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵکو ژیانی ئاوارەییان لە گەڕانەوە پێ باشترە، لەبەر ئەوەی دەترسن بگەڕێنە بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیربكرێن.

بێستوون ژاڵی، بەڕێوبەری کاروباری مرۆیی ئیدارەی گەرمیان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو ئاوارانەی لێرە ماونەتەوە، زۆربەیان عەرەبی سوننەن، ھۆكاری نەگەڕانەوەیان وەك خۆیان دەڵێن، ناوچەكانیان لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدە، لەكاتی گەڕانەوەیان رووبەڕووی كێشە و راوەدونان و كوشتن دەبنەوە، زەوی و زاریان داگیركراوە و خانووەكانیان تەقێندراوەتەوە".

گوتیشی: "ئەو كوردانەی كە ئێستا نەگەڕاونەتەوە ئەوانەن كە خۆیان یان ئەندامێكی خێزانەكەیان، لەگەڵ پێشمەرگە و ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایشدان، ئەوانیش بە ھەمانشێوە ماڵەكانیان تەقێندراوەتەوە و رووبەڕووی ھەڕەشە بوونەتەوە، بۆیە دەترسن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان".

ئەو ھاووڵاتییانە ئاوارەی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە و روومادین ھەمووشیان عەرەبی سوننەن بەشێکی ھەرە زۆریان لە ترسی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ناوێرن بگەڕێنە ناوچەکانی خۆیان، وەك خۆشیان دەڵێن، بەھۆی ئەوەی عەرەبی سوننەن لەکاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە رەشبگیر دەکرێن.

ئاوارەیەكی رومادی بەناوی ئەبوو یاسر، دەڵێت: "ترسمان ھەیە بگەڕێینەوە، چونكە خەڵك ھەیە گەڕاوەتەوە، میلیشیاكانی حەشد بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی داعش دەستگیریان كردووە، دواتر بە پارەی زۆر ئازادكراوە، بۆیە متمانەمان بەو ھێزە نییە تا بگەڕێینەوە".

مەحموود حەمدان، خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینە و ناتوانێ بگەڕێتەوە ناوچەكەی خۆی دەڵێ: "تازە ناگەڕێینەوە میلیشیاكانی حەشد ھەرچی خانووی باش ھەیە داگیریان كردووە، لەبەر ئەوە ژیانی ئاوارەی باشترە نەك بگەڕێینەوە ژێر دەسەڵاتی حەشد".

سەرباری وێرانکردنی تەواوی ئەو ناوچە سوننە نشینانەی کە شەڕی داعشی تێدا ئەنجامدرا بە ھەزاران ھاووڵاتی بێتاوانی سوننە مەزھەبیش بوونەتە قوربانی ململانێ تائیفی سوننە و شیعە. ھەرچی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیشە لە دوای 16 ئۆکتۆبەر کەوتووەتەبەر شاڵاوی تەعریب کردن.

ھ.م