ئەمەریکا و تورکیا بۆ گەڕاندەوەی سزاکانی ئێران لە گفتوگۆدان

تورکیا دەبێت لە نێوان واشنتن و تاران هەڵبژاردن بکات

K24 - ھەولێر:

هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر پرسی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران گفتوگۆکانیان دەستپێکردووە کە بڕیارە مانگی ئابی ئەمساڵ قۆناخی یەکەمی ئەو سزایانە بۆ تاران بگەڕێندرێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی و تورکی لەبارەی بازرگانی کۆمپانیا تورکییەکان لەگەڵ ئێران گفتوگۆیان کردووە.

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەبارەی بەشداری ئەنقەرە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران رایگەیاند: "بەرپرسانی تورکیا ئەوەی پێویستە دەیکەن تاکو سزاکانی سەر ئێران بە نەرێنی کاریان تێنەکەن وە بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە گفتوگۆدان".

لای خۆیەوە مارشاڵ بیلینگسلێ، یاریدەدەری سکرتێری وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاری راگرتنی دارایی تیرۆرستان، رایگەیاند: "ئێمە زۆر هەستیارانە مامەڵەکە لەگەڵ کاریگەری سزاکانی سەر ئێران بۆ سەر ئابووری تورکیا دەکەین. بۆیەش ئێمە زۆر بە وردی گفتوگۆ لەسەر نیگەرانییەکانی هەردوولامان دەکەین".

بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئابدا، یەکەم قۆناخی سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران بخرێتەگەر و دوا بە دوای ئەوەش لە تشرینی دووەم، سزاکانی سەر وزە و بانکی ناوەندی ئێران بگەڕێندرێتەوە.

تورکیا وەک هەر وڵاتێکی دیکە دەبێت لە بازرگانیکردنی لەگەڵ واشنتن و تاران، یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەمەش بڕیارێکی ئاسان نابێت چونکە  تورکیا بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئێران، بەرژەوەندی زۆری لەگەڵ ئەو وڵاتە ئیسلامییە هەیە.

H.J