دوو خۆپێشاندەری دیكەی عێراق كوژران

زیاتر لە 50 كەس برینداربوون

K24 - ھەولێر

لە خۆپیشاندانی شارەکانی عێراق دوو کەسی دیكە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا و کوژران و 60 دیکەشیان برینداربوون.

لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرایكرد، لە خۆپێشاندانەكانی رۆژی ھەینیدا خۆپێشاندەرێك لە دیوانیە و یەكێكیش لە نەجەف كوژراون و لە شارەكانی بەغدا، زیقار، نەجەف و دیوانیەش نزیكەی 60 كەس برینداربووە، كە ژمارەیەكیان لە ھێزە ئەمنییەكانن.

دوێنێ جارێكی دیكە خۆپێشاندان لەدژی كەمی خزمەتگوزارییەكان و كارەبا و ئاو  لەبەغدا و چەند شارێكی دیكەی باشووری عێراق ئەنجامدرا.

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە خۆپێشاندانی ھاووڵاتییان لە بەسرە دەستیپێكردووە و لەم چەند رۆژەی دوایشدا بەغدای پایتەختی عێراق و چەندین شاری دیكەی گرتووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا كەوتووە، تا ئێستا 14 كەس لە خۆپێشاندانەكانی عێراق كوژراون.

ھ.م