هۆزه‌كانی باشوور هه‌ڕه‌شه له عه‌بادی ده‌كه‌ن
"ئه‌وه‌ی چه‌ك به‌كاربێنێ به چه‌ك رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه"

K24 - هه‌ولێر:
هۆزه‌كانی پارێزگاكانی باشووری عێراق چه‌ند مه‌رجێك بۆ حكوومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی دیاری ده‌كه‌ن و به داپڵۆسێنه‌ری خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن و تهئكیددهكهنهوه تا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت له خۆپیشاندان پاشگه‌ز نابنه‌وه.
یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی هۆزه‌كانی باشوور ئه‌وه‌یه، ده‌بێت حكوومه‌تی به‌ده‌نگ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانه‌وه بێت بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ستییان پێبكات".
هه‌روه‌ها هۆشدارییان داوه‌ته حكوومه‌ت تا ده‌ست له داپڵۆسینی خۆپیشانهران و به‌كارهێنانی چه‌ك له به‌رامبه‌ریان هه‌ڵبگرێت.
هۆزه‌كانی باشووری عێراق هه‌ڕه‌شه له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "چه‌ك له دژی هه‌ر هێزێك هه‌ڵده‌گرین كه چه‌ك دژی رۆڵه ناڕازییهكانمان به‌كاربهێنێ".
نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه خۆپیشاندان له پارێزگاكانی باشووری عێراق ده‌ستیپێكردووه‌و خۆپیشانده‌ران داوای چاككردنی ره‌وشی ژیانیان ده‌كه‌ن و ناڕه‌زایه‌تی له نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و نه‌بوونی كار و وێرانیی شاره‌كانیان ده‌رده‌بڕن.
به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه تا ئێستا 14 كه‌س كوژراوون و زیاتر له 600 كه‌سیش بریندار بوون.