ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمووز دەکات

چوار وڵات رێگای دەریایان بە تەواوی لێ دەگیرێت

K24 - هه‌ولێر:

هەڕەشە و هەوڵی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە، ئەگەری داخستی گەرووی هورمووزی هێناوەتە  ئاراوە، بەڵام ئایا گرنگی ئەو گەرووە چییە و ئێران چۆن دەتوانێت دایبخات؟

ئەمەریکا لە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە، بە ئێرانی گووت، یان دەبێت واز لە مووشەکی دورهاوێژ و زیادکردنی هەژموون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنیت، یاخود دەبێت رووبەڕووی سزای سەختی ئابووری ببێتەوە.

لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەی ئەمەریکا، بەرپرسانی باڵای ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمووز دەکەن، کە پێگەیەکی ئابووری زۆر گەورەی لە ناوچەکە هەیە، لای خۆشییەوە رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی باس لە گرنگی و تواناکانی ئێران بۆ داخستنی ئەو رێڕەوە بازرگانییە دەکات.

گرنگی گەرووی هورمووز:

گەرووی هورمووز دەکەوێتە نێوان هەردوو کەنداوی فارس و عومان، تاکە رێڕەوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کوەیت، بەحرەین، ئێران، عێراق و ئیماراتە بۆ دەریای هیندی.

سێ یەکی نەوتی دەریایی جیهان، لەو گرووە دەگاتە بازاڕەکانی نەوت، ئەمەش جیا لەوەی ئەو گەرووە رێڕەوی سەرەکی گازی سرووشتی وڵاتی قەتەرە کە بە یەکێک لە گەورە بەرهەمهێنەرەکانی گازی سرووشتی دادەندرێت.

لە هەندێک جێ، پانی ئەو گەرووە تەنها 19 کیلۆمەترە، ئەمەش رەنگە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانتر بکات.

لەئەگەری داخستنی ئەو گەرووە،  هەناردەی نەوتی دەریایی وڵاتانی کوەیت، قەتەر، بەحرەین، عێراق و ئیماران رادەگیرێت، سعودییەش ناچاردەبێت بەندەرکانی دەریای سوور بەکاربهێنێت.

ئایا ئێران دەتوانێت ئەو گەرووە دابخات؟

بەگوێرەی یاسا ئاوییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1982، هەر وڵاتێک دەتوانێت لە کەنار دەریاکەیەوە، ببێتە خاوەنی 12 میل(19 کیلۆمەتر) درێژی دەریاکە. واتە ئەو وڵاتە دەسەڵاتێکی دەبێت بۆ چۆنییەتی بەکارهێنای ئەو دەریاییە، بەم پێیەش بە شێوەیەکی تیۆری، ئێران دەتوانێت گەرووەکە بە تەواوی دابخات.

ئێران دەتوانێت ئەو گەرووە دابخات، بەڵام زیانی زۆر بە وڵاتانی دراوسێ و خۆشی دەگەیەنێت، پێشتریش چەند جارێک تاران هەڕەشەی داخستنی ئەو گەرووەی کردووە، بەڵام رەنگە زیانەکان بۆ ئێران زیاتر بن لە سوودەکان، دواجار داخستنی رێڕەوی نەوتی وڵاتانی دیکە سوودێکی وەها بە ئێران ناگەیەنن ئەگەر نەتوانێت نەوتەکەی خۆت هەناردە بکات.

H.J