دادگا لێپرسینەوە لەگەڵ پەروین بوڵدان دەکات

پشتگیری لەو پەرلەمانتارانە کردووە كە بەشداریان لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی گەریلاکانی پەکەکە کردووە

K24 - ھەولێر

دادگای کۆماری ئەنقەرە لێپرسینەوەی لەگەڵ پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەستپێکرد، بە تۆمەتی ئەوەی لە گوتارەکەیدا لەشاری وان پشتگیری لەو پەرلەمانتارانەی پارتەکەی کردووە كە بەشداریان لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی گەریلاکانی پەکەکە کردووە.

پەروین بوڵدان لە گوتارەکەیدا لەشاری وان رایگەیاندبوو کە بەشداریکردنی ئەندامانیان لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی گەریلاکان بەشێكە لە کولتووری ئەوان و ئەرك و بەرپرسیاریەتیە.

پێشتر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی گەریلاکان دادگا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری هەدەپە دەستپێکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە ھەردوو ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانن. له‌ 4/11/2016، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداخ، هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكارتی گەلان (هه‌ده‌په‌) له‌گه‌ڵ 11‌ په‌رله‌مانتاری دیكەی پارتەكەیان‌ به‌ تۆمه‌تی ھاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ پەكەكە ده‌ستگیركران. 11/2/2018 ھەدەپە كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و ھەر یەك لە سزای تەمەلی و پەروین بوڵدان وەك سەرۆكی پارتەكە ھەڵبژێردران.

ھ.م