هه‌فته‌ی داهاتوو چاره‌نووسی كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی پردێ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه
هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی هه‌ولێر - كه‌ركووك كۆده‌بنه‌وه
K24- هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی عێراق له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی پردێ له شاری كه‌ركووك، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه شاندی هه‌رێم كۆنگره‌یه‌كی رۆژمانهوانی له ناحیه‌ی پردێ سازكرد و وێڕای ئاشكراكردنی ئه‌وه‌ی كه هێشتا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، هه‌روه‌ها جه‌ختیشیان كرده‌وه، ناكۆكی له‌ناو خودی شاندی عێراقیدا له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه هه‌یه.
به‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی شاندی هه‌رێمیش، په‌یامنێری كوردستان 24 له پردێ رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا له كه‌ركووك، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی هه‌ولێر - كه‌ركووك نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن و، بڕیاره له هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یكی دیكه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌نجام بدرێت.
ئاراس ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری كوردستان 24 ئاشكرایكرد، هۆكاری رێكنه‌كه‌وتنی شاندی هه‌رێم و لایه‌نی عێراقی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك داوایكردووه، پێویسته بازگه‌یه‌كی دیكه‌ش بۆ هێزه عێراقییه‌كان له دووری 100 تا 500 مه‌تر له‌و بازگه‌یه‌ی پردێ بكرێته‌وه كه له كۆنترۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دایه.
وه‌ك په‌یامنێری كوردستان 24 ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌م داواكاریه‌ی جبووری له‌گه‌ڵ پێنشازهكانی شاندی هه‌رێمی كوردستان یه‌كانگیر نه‌بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو بووه هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه رێكنه‌كه‌ون و بڕیاریاندا هه‌مان شاندی هه‌ولێر و لایه‌نی عێراقی له رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو له‌سه‌ر ئه‌م پرسه دووباره كۆببنه‌وه.
ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه، راكان جبووری به داواكردنی كردنه‌وه‌ی بازگه‌یه‌كی دیكه له‌به‌رامبه‌ر بازگه‌ی پێشمه‌رگه له پردێ ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دێیه‌دا سه‌پێندراوه به‌رده‌وام بێت.
په‌یامنێری كوردستان 24 ئاشكراشیكرد، له‌كاتی چوونی شاندی هه‌رێم بۆ كه‌ركووك، كاتێك به ناحیه‌ی پردێدا چوون، خه‌ڵكی زۆری ئه‌و شاره‌دێیه هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قام و به درووشمی "بژی پێشمه‌رگه" پێشوازیان لێكردووه.
گوتیشی، گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و پێشوازییه‌ی خه‌ڵكی پردێ له شاندی هه‌رێم، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێره‌وه تۆماركراوه و له ئاینده‌دا كۆپیه‌كی له كوردستان 24 بڵاوده‌كرێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی، هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگه‌یه نه‌كراوه، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونی باش له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كراوه، به‌و هیوایه‌ی له داهاتوودا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بگه‌نه رێككه‌وتن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی ھاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی ھەرێمی كوردستان كه نوێنه‌ری هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه و ئاوهدانكردنهوهشی له‌خۆ گرتبوو، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی نێوان هه‌ولێر-كه‌ركووك سه‌ردانی شاری كه‌ركووكیان كرد و له‌گه‌ڵ بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخی عێراق و پارێزگاری سه‌پێندراوی عێراق كۆبوونه‌وه.
H.B