لە یەك رۆژدا 11 ژنی ئێران لەسەر حیجاب دەستگیركران
"بەشێك لەو ژنانە گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوكردووەتەوە"
K24 - ھەولێر
بەھۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سەرپۆشی (حیجابی) زۆرەملێ، لە ماوەی یەك رۆژدا11 ژن لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستگیركران.
بەرپرسی پۆلیسی چاودێری كۆمەڵایەتی لە شاری دێزفوولی ئێران، ئاماری دەستگیركراوانی بۆ میدیا ناوخۆییەكان ئاشكرا كرد و رایگەیاند، لە یەك رۆژدا 11 ژنیان دەستبەسەر كردووە بەھۆی ئەوەی لەچكەكانیان لەسەریان لابردووە و دژی حیجاب ناڕەزایەتیان دەربڕیووە.
ھاوكات ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو ژنانەی دەستگیركراون بە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان بەبێ حیجاب ھەوڵیانداوە وڵاتانی دژبەری ئێران ھانبدەن.
دەستبەسەركردنی ژنانی ئێران بەھۆی پەیڕەو نەكردنی بنەماكانی پۆشینی ئیسلامی رۆژانە لەو وڵاتە روودەدا و ئەوەش بەردەوام بووەتە جێگەی رەخنەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مافی مرۆڤ.
لە ساڵی 1979 سەرپۆشی (حیجاب) بەپێی دەستووری ئەوكاتی ئێران بەسەر ژنان سەپێندرا و تائێستاش بەردەوامە، چەندین جار ژنانی ئێران ناڕەزایەتیان دژی ئەو یاساییەی وڵاتەكەیان دەربڕیووە. بەپێی مادەی 638 یاسایی سزادانی ئیسلامی ھەر كەسێك بەبێ حیجاب لە شوێنە گشتییەكان ببینرێت، دوو مانگ بەند دەكرێت،و ھاوكات 74 جەردیشی لێدەدرێت.
ھ.م