شاره‌زايه‌كى توركيا: ئه‌نقه‌ره متمانه‌ى به ئه‌مه‌ريكا نه‌ماوه
دواى بێئومێدبوونى توركيا له ئه‌مه‌ريكا بير له كڕينى ئێس 400 كراوه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ى (ئوراسيا ئێكسپرت)، چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ مامۆستاى زانستى سياسى زانكۆى زانسته كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى ئه‌نقه‌ره، ره‌سوڵ ياچين ئه‌نجامداوه. تێيدا سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌نقه‌ره و واشنتن و كاريگه‌رييه‌كانى گرێبه‌ستى كڕينى ئێس400 پرسيارى لێكردووه.
سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ريكا و توركيا ئه‌و شاره‌زا توركييه رايگه‌ياندووه، "متمانه‌ى ئه‌نقه‌ره به ئه‌مه‌ريكا زۆر كه‌متره له‌و متمانه‌يه‌ى پێشتر به‌و وڵاته‌ى هه‌بوو. دواى بێئومێدبوونى توركيا له ئه‌مه‌ريكا بير له كڕينى ئێس400 كراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش كاريگه‌رى له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات پتر ده‌كات".
له وه‌ڵامى پرسيارى (سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زايه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆچى توركيا ئێس400 ده‌كڕێت) ئه‌و مامۆستايه‌ى زانكۆ ده‌ڵێت: "پێش ئه‌وه‌ى توركيا رووبكاته رووسيا، چه‌ند جارێك داواى له هاوپه‌يمانه‌كانى له ناتۆ كرد، به تايبه‌تى فه‌ره‌نسا و ئيتاڵيا بۆ ئه‌وه‌ى سيستمێكى به‌رگرى مووشه‌كى بۆ دابنێن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان دانى پێدا نا، ئه‌و هاوپه‌يمانانه‌ى ناتۆ نه‌هاتن به ده‌م داواكارييه‌كه‌ى توركياوه. هه‌ربۆيه ئه‌نقه‌ره متمانه‌ى به هاوپه‌يمانه‌كانى نه‌ما و زياتريش له ئه‌مه‌ريكا دڕدۆنگ بوو. بۆيه ئه‌نقه‌ره بڕياريدا، سه‌ربه‌خۆ هه‌وڵى دابينكردنى ئه‌و سيستمه به‌رگرييه بدات. كڕينى سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس400ى رووسياش باش‌ترين بژارده بوو. هه‌رچه‌نده د‌رك به‌وه ده‌كرا، كه ئه‌مه‌ريكا دژى ئه‌و هه‌وڵه‌ى توركيا ده‌وه‌ستێته‌وه".
ئه‌وه‌شى گوت: "له كاتێكدا ئه‌مه‌ريكا سه‌رقاڵى ململانێيه‌كى جيۆستراتيژى جيهانى و هه‌رێمايه‌تييه له‌گه‌ڵ چين و رووسيا و ئێران، هاوپه‌يمانه‌كه‌ى شه‌ڕى ساردى ئه‌مه‌ريكا خه‌ريكه له مۆسكۆ نزيك ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌مه مايه‌ى نيگه‌رانى ئه‌مه‌ريكا بوو. له واشنتنيش ده‌نگى ئه‌وه زياتر ده‌بيسترێت، كه خه‌ريكه ئه‌مه‌ريكا ئه‌نقه‌ره ده‌دۆڕێنێت".
ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئه‌مه‌ريكا پڕۆژه بڕيارێكى په‌سند كردووه و به گوێره‌ى ئه‌و پڕۆژه‌يه راده‌ستكردنى فڕۆكه‌ى ئێف 35 به توركيا ره‌تده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره سيستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس400 له مۆسكۆ بكڕێت.
سه‌رچاوه: رووسياليه‌وم
ئ.ڕ