قەرەیلان: حكوومەتی نوێی توركیا شەڕ خوازە

"ئاكەپە بە دژایەتیكردنی كورد ناگاتە ھیچ ئامانجێك"

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبەریی پەكەكە رایدەگەیەنێت، كابینەی نوێی توركیا حكوومەتی دژایەتیكردنی كورد و پێكھاتەكانە. جەختیش دەكاتەوە، ئاكەپە بە دژایەتیكردنی كورد ناگاتە ھیچ ئامانجێك.

موراد قەرەیلان، ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند "كابینەی نوێی توركیا وا دیزاین كراوە، شەڕی سوپا و پەكەكە درێژە پێبدات، ھەربۆیە چەند وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ لە شوێنی خۆیان مانەوە و سوپاسالاریش كراوە بە وەزیری بەرگری".

گوتیشی "حكوومەتی نوێی توركیا شەڕخوازە و ھێرش و دژایەتی ھەركەسێك دەكەن كە ھاوڕا نەبێت لەگەڵیاندا، بە تایبەت كورد و ھێزەكانی چەپ و عەلەوییەكان".

قەرەیلان ئاشكرای دەكات، كە پەكەكە شەڕی دژی توركیا دەباتە قۆناخێكی نوێی و جەختیش دەكاتەوە، لە زۆر ناوچەی باكووری كوردستان حكوومەتی توركیا كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.

موراد قەرەیلان، ئاماژە بەوە دەكات، دەوڵەتی توركیا بە ھەموو شێوەیەك دژایەتی كورد دەكات، بۆیە نەك لە باكوور، ھەوڵدەدات لە پارچەكانی دیكەش كورد ژێردەستە بكات، بەڵام بە درێژایی مێژوو ئەوە ساخ بووەتەوە كە ئەوان بە دژایەتیكردنی كورد ناتوانن بگەنە ئامانجەكانیان و سڕینەوەی كورد كۆمەكیان پێناكات.

ھ.م