ئه‌ردۆغان یاسای له‌سێداره‌دان په‌سه‌ند ده‌كات
ئه‌ردۆغان: له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یاسای له‌سێداره‌دان گوێ به هه‌ڵوێستی رۆژئاوا ناده‌ین
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی یاسای له‌سێداره‌دان له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی تێده‌په‌ڕێندرێت، ئه‌و ئاماده‌یه ئه‌و یاسایه په‌سه‌ند بكات.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌كاتی به‌شداریكردنی له رێوره‌سمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی خێزانی یه‌كێك له ئه‌فسه‌رانی پۆلیس له شاری سیواس، ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای له‌سێداره‌دان له وڵاته‌كه‌ی دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ڵوێستی من له‌باره‌ی پرسی له‌سێداره‌دان روون و ئاشكرایه. ته‌نیا ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه ئه‌و یاسایه له په‌رله‌مان تێپه‌ڕێندرێت، دواتر هیچ شتێك لای من به‌دی ناكرێت كه پێی بڵێن قبووڵ نه‌كردن، زۆر به‌په‌رۆشم بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه، چونكه ئێمه د‌رك به‌و سزایه ده‌كه‌ین كه شایسته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پێویسته له‌سێداره بدرێن".
ئه‌ردۆغان گوتی: "ئه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵكوژیان ئه‌نجامداوه پێویسته وه‌ڵامی هاوشێوه‌یان بدرێته‌وه، په‌نا به‌خوداش هه‌نگاوه‌كانمان له‌مباره‌یه‌وه خێراتر ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی توركیا دووپاتیكرده‌وه، "ئێمه له جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان گوێ به‌و قسانه ناده‌ین كه هانس یانیش جۆرج ده‌یكات"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رۆژئاوا كه به‌رهه‌ڵستی جێبه‌جێكردنی یاسای له‌سێداره‌دان له توركیا ده‌كه‌ن.
هه‌ر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌ردۆغان وه‌ك دوو رێكخراوی تیرۆریستی ئاماژه‌ی به پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه و گروپه‌كه‌ی فه‌تحوللا گوله‌ن كرد و گوتی، تا كۆتایی رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه و پێویسته به سزای خۆیان بگه‌یه‌نین.
پێشبینی ده‌كرێت، به جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه هیچ هیوایه‌ك بۆ توركیا نه‌مێنێته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌ندامێتی له یه‌كێتی ئه‌وروپا، چونكه هه‌ر وڵاتێك بیه‌وێت ببێته ئه‌ندامی ئه‌و یه‌كێتییه، نه‌ك نابێت باوه‌ڕی به جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان نه‌بێت، به‌ڵكو پێویسته به هه‌موو تواناكانی به‌رهه‌ڵستی و دژایه‌تی ئه‌و سزایه‌ش بكات.
H.B