سەعدی پیرە: ڤیتۆمان لەسەر كەس نییە

"لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان راوبۆچوونی پارتی و یەكێتی وەك یەك بوو"

K24 - ھەولێر

تا ئێستا پارتی و یەكێتی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و دروستكردنی گەورەترین ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عێراق رێكنەكەوتوون. گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێ، ئەگەر خۆپیشاندانەكانی عێراق سەریان ھەڵنەدابایە ئێستا رەنگە ھاوپەیمانی گەورە دروستبكرایه‌ و رێگە چارەیەك بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێی عێراق دۆزرابایەوە. ئاشكرای دەكات كە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و فەتح و بەشێك لە سوننەكان لێكتەگەیشتنێكی باش لە نێوانیاندا ھەیە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "كە شاندی دەوڵەتی یاسا سەردانی ھەولێریان كرد، بە جیا لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە، خۆشبەختانە ھەردوومان راوبۆچوونمان وەكو یەك بوو، وەك یەكێتی و پارتی لە ھەرێمی كوردستان بە یەك لیست و بە یەك كارت، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی عێراق دەكەین و داواش لەلایەنەكانی دیكەی كوردستان دەكەین بەشداری لەو پرۆژە نیشتمانییە بكەن".

گوتیشی: "بە شاندی دەوڵەتی یاسامان راگەیاند، ئێمە لە ھەرێمی كوردستان فیتۆمان لەسەر ھیچ كەس نییە و ھەوڵیش دەدەین ھیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت".

ژمارەیەك لە ھاووڵاتییانی كوردستان، جیاواز لە پارتی و یەکێتی بیر دەکەنەوە، ھەندێکیان ڤیتۆیان لەسەر بەشێك لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ھەیە، پێشیان باشە کورد لە کاتی بەشدار بوون لە حکوومەتی نوێی عێراق، ڤیتۆ لەسەر ژمارەیەك سەركردەی عێراق ھەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە رابردوودا تاقیكراونەتەوە.

ھ.م