یاریزانێکی "زۆرانبازی" بووە پارێزگاری شارێکی گەورەی ئەمەریکا

26 ساڵە یاریزانی زۆرانبازییە

K24 – هه‌ولێر:

یاریزانی پێشووی زۆرانبازی (دەبلیو دەبلیو ئی) گلێن جەیکەبس ناسراو بە کەین، توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت تاکو ببێتە پارێزگاری نۆکس کاونتی لە ویلایەتی تێنەسی ئەمەریکا.

کەین خاوەنی کۆمپانیا دڵنیاییە لە ئەمەریکا و سەر بە پارتی کۆمارییەکانە. لە ساڵی 1992 وەک یاریزانی زۆرانبازی دەبلیو دەبلیو ئی لەسەر بەشی سماکداون بووە کەسێکی ناسراو و ئەمەش کاریگەری هەبووە تاکو کەین ببێتە پارێزگای سێهەم گەورەترین شاری ویلایەتی تێنەسی.

بە گوێرەی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی ویبیر، لە سەرەتای مانگی نۆ، کەین وەک پارێزگار دەستبەکارەکانی دەکات و لە لێدوانێکیشدا سوپاسی تەواوی ئەو کەسانەی کرد کە یارمەتیدەری بوون بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکە.

ئەو یاریزانە تەمەنی 51 ساڵە لە ویلایەتی تێنەسی لە دایکبووە، جیا لە بەشداری لە یارییەکانی کۆمپانیای دەبلیو دەبلیو ئی، رۆڵی لە چەند فیلمێکدا گێڕاوە.

دەبلیو دەبلیو ئی ناچێتە چوارچێوەی هیچ جۆرە وەرزشێک، تەنها چەند کەسێک رۆڵی تێدا دەگێڕن و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش هاوشێوەی سینەما و شانۆکان هاووڵاتیان تەماشای دەکەن.

H.J

Fly Erbil Advertisment