ئاڵۆزییه‌كانی به‌سره‌ كاریگه‌ری دەكاتە سه‌ر بازرگانی هه‌رێمی كوردستان

ھەرێمی كوردستان دەبێتە جێگرەوەی ئومقەسر

K24 - سلێمانی     

خۆپیشاندانەکانی بەشێك لە شارەکانی عێراق کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی بازرگانی نێوان بەشێك لە شارەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دروستكردووە، ھەندێك لە بازرگانانیش دەڵێن، پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  سود  لەو دەرفەتە وەربگرێت تاوەکو بازرگانانی عێراق لە رێگەی خاڵە سنورییەکانی كارە بازارگانییەكانیان رایی بكەن.

نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەكانی باشووری عێراق، بێگومان كاریگەری كردووەتە سەر ھاوردەكردنی كاڵا و كەلوپەل لە دەروازەی سنووری ئومقەسر لە بەسرە، بەتایبەتی كاریگەری كردووە لە كرێی گواستنەوەی كەلوپەل".

بازرگانان پێیان وایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بارودۆخی شارەكانی عێراق وەکو دەرفەت بقۆزێتەوە، ئەویش لە رێگەی کەمکردنەوەی باجەوە تاوەکو لەو رێگەیەوە نەك ھەر بازرگانانی ناوخۆیی، بەڵکو بازرگانی عێراق لە مەرزەکانی کوردستانەوە ئەو بەرھەمەی بیانەوێ ھاوردەی بکەن.

لەوبارەوە عەتا محەمەد، جێگیری سەندیکای ھاوردەو ھەناردەکارانی کوردستان لقی سلێمانی دەڵێت: "ئەو پێشێوییەی كە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دروستبووە، وایكردووە كە بازرگانانی خۆمان رووبكەنەوە مەرزەكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی جوڵەیەكی باشتری بازرگانی ھەبێت، ھەروەھا دەسكەوتی زیاتر ھەبێ بۆ ھەرێمی كوردستان، پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چاوبخشێنێتەوە بەو گومرگەی كە حكوومەتی عێراق كاتی خۆی دایناوەو جێبەجێ نەكراوە".

ھ.م