بارسێلۆنا لە گواستنەوەی پۆگبا بێهیوا نەبووە
ئەم هەفتەیە بەڕێوەبەری کارەکانی پۆگبا دەگاتە بارسێلۆنا
بارسێلۆنا هێشتا لە گواستنەوەی پۆل پۆگبای ناوەڕاستکاری مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بێهیوا نەبووە و دوای بەڕێکردنی چەند یاریزانێکی، دەیەوێت پارەی ئەو یاریزانە فرۆشراوانەی لە کڕینی پۆگبا خەرج بکات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، ئەم هەفتەیە مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی پۆل پۆگبا دەچێتە شاری بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە گفتوگۆ لەبارەی پۆگباوە بکەن، رایۆلا بە بەرپرسانی بارسێلۆنا رادەگەیەنێت نرخی پۆگبا 112 ملیۆن یۆرۆیە و مان یونایتد ئەو نرخەی بۆ دەستبەرداربوون لە ناوەڕاستکارە فڕەنسییەکەی دەستنیشانکردووە.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە، گەرچی رۆژی 14ی یۆلیۆ رایۆلا و چەند بەرپرسێکی بارسێلۆنا کۆبوونەوە، بەڵام ئەوکات بەهۆی بەرزی نرخی پۆگبا بارسێلۆنا پاشەکشەی کرد، بەڵام ئێستا دوای فرۆشتنی لۆکاس دین و ئەلێکس ڤیدال و نزیکبوونەوەی بارسا لە بەڕێکردنی ئاندرێ گۆمێز و یێری مینا و پاکۆ ئالکاسێر و رافینها پارەی پێویستی لەبەردەستە بۆ ئەوەی پۆگبا لە مان یونایتدەوە پەلکێش بکات.
جگە لە بارسێلۆنا یۆڤێنتوسیش دەیەوێت پۆگبا بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، کە بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکان عەو ناوەڕاستکارە فڕەنسییە کێشەی لەگەڵ خۆزێ مۆرینهۆ هەیە، بەڵام بەهۆی نەکڕینی یاریزانی نوێ ئەستەمە سپێشەڵ وەن دەستبەرداری پۆگبا بێت، کە لە مۆندیالی 2018 ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد.