هەڵویستی سەرکردەکانی بریکس لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئێران
لە راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی بریکس لە نیودەلهی، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام هۆشدارییان لە فراوانبوونی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دا و داوای دەستبەجێ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیان کرد. لە پەراوێزی لووتکەکەشدا سەرکردەکانی ئێران، چین و هیندستان هەڵوێستی خۆیان لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو.
لە راگەیەندراوی هاوبەشی نیودەلهی، بە توندی سەرکۆنەی سزاکانی ئەمریکا کرا
سەڕای جیاوازیی روانگە و بیروبۆچوونی نێوان تاران و بەشێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لەناو هاوپەیمانییەکەدا (وەک وڵاتانی عەرەبی)، سەرکردەکانی بریکس لەسەر دەرکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەش رێککەوتن. لە راگەیەندراوەکەدا داوای دانبەخۆداگرتن لە هەردوولا کرا بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان.
سەرکردەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرامەر بە هێرشکردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان و ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی کە لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان. هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا بە توندی سەرکۆنەی سەپاندنی “سزا ئابوورییە تاکلایەنەکان و سزای لاوەکی” کرا، کە مەبەست لێی ئەو سزایانەیە واشنتن بەسەر تارانیدا دەسەپێنێت و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئابووریی جیهانی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەقەڵەم درا.
تاران: پێویستمان بەوە نییە ئەمریکا ببێتە پۆلیسی ناوچەکە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا و رایگەیاند “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بەوە نییە ئەمریکا ببێتە پۆلیسی ناوچەکە”، پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، ئاسایشی بەردەوام تەنها لە رێگەی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دەستەبەر دەبێت و پێویستە هیچ لایەنێک خاکی خۆی بۆ هەڕەشە و پەلاماردانی ئەوی دیکە بەکارنەهێنێت.
پەکین: ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی جیهاندا نییە
لەلایەکی دیکەوە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین تیشکی خستە سەر لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و رایگەیاند “ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا نییە و زیانی گەورەی بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە”، سەرۆکی چین داوای لە وڵاتانی ئەندامی بریکس کرد ببنە هاندەر و پاڵپشتی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە.
هیندستان: بریکس دژ بە هیچ لایەنێک نییە
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان وەک میوانداری لووتکەکە و سەرکردەی وڵاتێک کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەیە، دووپاتی کردەوە، کۆمەڵەی بریکس “دژ بە هیچ لایەنێک کار ناکات”، مۆدی جەختی لەسەر پێویستی پەنابردن بۆ دیپلۆماسی، دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتیانە کردەوە وەک تاکە دەروازە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە.
بەرێوەچوونی لووتکەی بریکس
لە رۆژانی 12 و 13ـی ئەیلوولی 2026، نیودەلهی پایتەختی هیندستان میوانداریی 18هەمین لووتکەی سەرکردەکانی کۆمەڵەی بریکسی (BRICS) کرد. لووتکەکە لە ناوەندی نێودەوڵەتیی کۆنگرەکان (Bharat Mandapam) و بە سەرۆکایەتیی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بەڕێوەچوو؛ لەژێر دروشمی "خۆڕاگری، داهێنان، هاوکاری و بەردەوامی" تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێوان وڵاتانی ئەندام، کە لە چوارچێوەی بریکسی فراوانکراودا 11 دەوڵەت نوێنەرایەتیی نزیکەی نیوەی دانیشتووان و 40%ـی ئابووریی جیهان دەکەن.
ئەم لووتکەیە بە بەشداریی راستەوخۆی سەرکردە باڵاکانی جیهان بەڕێوەچوو، لەوانە: ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سیریل رامافۆزا، سەرۆکی باشووری ئەفریقا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر و نوێنەرانی باڵای هەریەکە لە بەرازیل، ئیمارات، سعوودیە، ئیتیۆپیا و ئیندۆنیزیا. لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانیشدا، رووداوێکی دیپلۆماسیی مێژوویی تۆمارکرا، ئەویش دیداری رووبەڕووی نێوان مەسعود پزیشکیان و شێخ خالید بن محەمەد ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبووزەبی بوو، کە لە گەرمەی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکەدا بە گرنگترین هەنگاوی دیپلۆماسیی نێوان تاران و وڵاتانی کەنداو لەقەڵەم درا.
لە کۆتایی کارەکانی لووتکەکەدا، سەرکردەکان راگەیەندراوی نیودەلهیی 2026 یان پەسەند کرد کە لە 140 خاڵ پێکهاتبوو. راگەیەندراوەکە بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن"ی بۆ رێگریکردن لە جەنگێکی وێرانکەر کرد، هاوکات هێڵی سووری بۆ پاراستنی ژێرخانە مەدەنییەکان و ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە دانا کە لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان. لە لایەکی دیکەشەوە، بەشداربووان بە توندی سەرکۆنەی سزای ئابووریی تاکلایەنە و سزای دووەمی واشنتنیان کرد و جەختیان لەسەر بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان، چاکسازی لە سیستەمی دارایی جیهانی و بەهێزکردنی پێگەی جیهانی فرەجەمسەر کردەوە.