پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بەشی میوزیک دەکاتەوە
بۆ یەکەمجار، بەشی میوزیک لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە دەکرێتەوە و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە قوتابیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواوبوون.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی ئەم بەشە دەربڕیوە و رێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی پەیوەست بە کردنەوەی بەشەکە کۆتاییان هاتووە.
برایم رەمەزان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی پەروەردە هەموو ئامادەکارییەکان کراون و ئەمساڵ بەشی میوزیک لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە دەست بە کارەکانی دەکات".
رەمەزان هەنگاوەکەی بە گرنگ ناوبرد و روونیکردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕیارە فراوانکردنی بواری خوێندنی هونەری و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانە لە کەرتی میوزیکدا.
سەبارەت بە رێژەی وەرگرتنی قوتابیان، رەمەزان ئاشکرایکرد: "بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەنیا 10 قوتابی وەردەگیرێن، بەڵام پلانی پەیمانگە ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەشەکە فراوانتر بکات و ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان زیاد بکات".
پەیمانگەکە سەرجەم پێداویستییەکان، ئامێرەکانی میوزیک و مامۆستایانی پێویستی بۆ ئەم بەشە نوێیە دابین کردووە. وانەکان هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی پەیمانگە، بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی دەخوێنرێن بۆ ئەوەی میوزیسیان و هونەرمەندان بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی ئامادە بکرێن.
پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە پێشتر خاوەنی بەشەکانی شێوەکاری و شانۆ بووە. ئێستا بە زیادبوونی بەشی میوزیک، کۆی گشتیی قوتابیانی پەیمانگە دەگاتە 70 قوتابی، کە بە شێوەیەکی ئەکادیمی لەو ناوەندە پەروەردەییەدا ئامادە دەکرێن.