ئەپلیکەیشنی تایبەت بە شۆفێرانی تەکسی کۆتاییهات

کارەکانی دورستکردنی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە بەنزینی شۆفێرانی تەکسی کۆتایی هاتووە. ئێستا تەنیا رێکارە کارگێڕیی و یاساییەکان ماون تا بە فەرمی رابگەیەنرێت و شۆفێرانی تەکسی بتوانن بەکاریبهێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 لەوبارەیەوە رایگەیاند، شۆفێرانی تەکسی پێویستە بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو کۆدەی لەسەر دەرگای ئۆتۆمبێلەکانیان هەیە، لە ئەپڵیکەیشنەکەدا تۆمار بکەن. دوای تەواوبوونی رێکارەکان، هەر شۆفێرێک لە ماوەی 5 رۆژدا بڕی 40 لیتر بەنزینی پێدەدرێت.

سەبارەت بە پرسی کارتی سووتەمەنی، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی دەرکردنی کارت راگیراوە، بەڵام زیاتر لە 7 هەزار کارت لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان ماونەتەوە. ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەیان بۆ کارتەکان کردووە، تا ئێستا سەردانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەیان، لە کاتێکدا پێشتر ژمارەی ئەو کارتانە 10 هەزار بووە.

ئاماژەی بەوەش دا، هەر خێزانێک کارتی سووتەمەنی بۆ دروست کراوە، بەڵام بەشێکی زۆریان نەچوون وەریگرنەوە. لەلایەکی دیکەوە، کێشەیەکی دیکە رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بووەتەوە، ئەویش ئەوەیە کاتێک هاووڵاتیان بۆ کارت دەرھێنان سەردانیان کردووە، دەرکەوتووە کارت بەو ناوانە هەیە و سووتەمەنییان پێ وەرگیراوە.

لە وەڵامی ئەو بارودۆخەدا، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و رایدەگەیەنێت، هەر کەسێک مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو کارتانەوە بکات یان بە کرێی بدات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

هاوکات پرۆسەی دەرکردنی کارتی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی راگیراوە، تەنیا ئەو کەسانە نەبێت کە تازە هاوسەرگیری دەکەن، چونکە بۆ ئەو چینە کارت دەردەهێنرێت و هیچ کێشەیەکیان نییە.