پەیامی سیاسیی لە مزگەوتەکان دوور دەخرێتەوە
داوای یاسایی لەسەر ئەو لایەنانە دەجوڵێندرێ كە پەیامی سیاسی لە مزگەوتەكان بڵاودەكەنەوە
K24 - ھەولێر
لەمەودوا رێگە نادرێت ھیچ حزبێك خۆی بكاتە خاوەنی مینبەری مزگەوتەكان و لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری بێنێت، مامۆستایەكی ئایینیش دەڵێت، ئەركی مزگەوت گەیاندنی پەیامی ئیسلامە وەك خۆی، نەك بڵاوكردنەوەی پەیامی سیاسی و وەك ھەندێك لایەن كە مینبەری مزگەوتەكان بەمەبەستی دیاریكراو بەكاردێنن، بۆیە بە پێوستی دەزانێت مزگەوتەکان لەو جۆرە گوتارانە پاک بکرێنەوە و نەھێڵدرێت کەلێن بخرێتە نێوان یەکڕیزی موسڵمانان.
لەوبارەوە عیمادەدین مەلا فارس، پێش نوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی شێخی چۆڵی لە ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو كەسەی سەردانی مزگەوت دەكات دەبێ فێری ئاشتی و تەبایی بێت و دڵی فراوان بێت و ھاوكاری خەڵك بكات، دەبێ لە مزگەوت خەڵك فێری ئەوەبن كەلێن نەھێڵن بۆ دووژمن، كە بیەوێت كۆمەڵگە تێكبدات".
پێویستە ھەموو گوتارە ئاینیەکان، پێش بڵاوکردنەوەیان، رەزامەندی وەزارەتی ئەوقافی لەسەر بێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت رێگە لەو لایەنە سیاسیانە بگرن، کە بەردەوام ھەوڵدەدەن، مینبەری مزگەوت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکار بھێنن، ھەرکەس و لایەنێکیش بەدەر لە ناونیشانی گوتارەکانی وەزارەت، گوتار بڵاو بکاتەوە، رێکارە یاساییەکانی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەید سەدیق کەپرانی، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە وەکالەت دەڵێت: "وتارە ئاینییەكان لە مزگەوت نابێ لە بەرژەوەندی كاری سیاسی و شەخسی بن، ھەروەھا نابێ مینبەری مزگەوتەكان ببێتە شوێنی تەشھیر و ناوزڕاندنی خەڵك، ھەموو ئەوانە لە بڕیار و راسپاردەكانی وەزارەتی ئەوقاف دا ھاتوون، بۆ ئەوەی مینبەر كە شوێنی ئامۆژگاری كردنی خەڵكە قودسییەتی خۆی لە دەست نەدات و دووربێت لە ھەموو وتار و رەفتارێكی توندڕەوی كە لە ئاینی ئیسلامی جێگەی نابێتەوە".
داواکاری گشتی ھەرێمی كوردستان، داوای یاسایی یەکەم لەسەر ئەو لایەنانە دەجوڵێنێت، کە پەیامی سیاسی لە مزگەوتەکان بڵاودەکەنەوە، دووەم ھەموو ئەو کەسانە رووبەڕووی دادگا دەکاتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا کردنی تاوانباران بە سیناریۆ ناو دەبەن، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەم کارە کەمکردنەوە و دەستووەردانە، لە کاری ھێزە ئەمنییەکان.
ھ.م