کۆرتوا بەفەرمی داوای لە ساری کردووە رێگای بدەن چێڵسی بەجێبهێڵێت

تاکو پێنجشەممە کۆرتوا کاتی هەیە لە چێڵسی بڕوات

تیبۆ کۆرتوا داوای لە ماوریزیۆ ساری کردووە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن و رێگای پێبدەن ریزەکانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەجێبهێڵێت.

کەناڵی ESPN ئاشکرایکردووە، کۆرتوای گۆڵپارێزی چێڵسی لەگەڵ ساری کۆبووەتەوە و راشکاوانە بڕیاری خۆی پێ گوتووە و داوای لێکردووە، رێگای بدەن ئەم هاوینە چێڵسی بەجێبهێڵێت، کە لە سەرەتای ئەم هاوینەوە ریال مەدرید لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی.

کۆرتوا کە لە مۆندیالی 2018 پلەی سێیەمی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیکا بەدەستهێنا و بە باشترین گۆڵپارێزی مۆندیالەکەش دەستنیشانکرا، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی کۆتایی پێ دێت و ئەوکات دەبێت بلووز بەخۆڕایی بەڕێی بکات.

پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی کۆرتوا رایگەیاندبوو، کۆرتوا دەیەوێت لە خێزانەکەی نزیک بێت کە ئێستا لە مەدرید دەژین، بەڵام ماوریزیۆ ساری دوای یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قەڵغانی خێرخوازیی رایگەیاند ئەو گوێ بە قسەکانی بەڕێوەبەری کارەکانی نادات و دەیەوێت رووبەڕوو قسە لەگەڵ کۆرتوا بکات و گوێ لەو بگرێت.

کۆرتوای 26 ساڵان پێشتر لە ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی دەکرد، ئێستاش دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی ئیسپانی واژوو بکات و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە مەدرید.