ئەردۆغان ئەمەریکا بە پەیداکردنی هاوپەیمانی نوێ دەترسێنێ

"ئەمەریکا یارمەتی ئەوانە دەدات کە لە تورکیا کاری تیرۆرستی دەکەن"

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هۆشداری دەداتە ئەمەریکا لە بەردەوام بوون لە دژایەتیکردنی تورکیا و بە رووکردنە هاوپەیمانێکی دیکە دەیترسێنێ.

لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، ئەردۆغان باس لە مێژووی هاوڕێیەتی واشنتن و ئەنقەرە دەکات، چەندین هەماهەنگی سەربازی هەردوولا لە شەش دەیەی رابردوو وەبیر کۆشکی سپی دەهێنێتەوە.

بەڵام سەرۆکی تورکیا، پێی وایە ئێستا ئەمەریکا رێز لە نیگەرانی و سەروەری تورکیا ناگرێت و بە داڵدەدانی "رێکخراوی تیرۆرستی فەتحولا گیولەن" تۆمەتباری دەکات.

ئۆردۆغان سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت کە چۆن کەسێکی وەک گویلەن کە هەوڵی کودەتای بەسەر حکوومەتی هەڵبژێردراوی تورکیا و کوشتنی چەند ئەندامێکی پارتی داد و گەشەپێدانی داوە کەچی هێشتا ئەمەریکا ئامادە نییە رادەستی ئەنقەرەی بکاتەوە.

لە درێژەی وتارەکەی، سەرۆکی تورکیا رەخنە لە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پەیەدە و یەپەگە دەگرێت و دەڵێت: "ئەوان باڵی پەکەکەن لە سووریا کە لە ساڵی 1984ەوە هاووڵاتی تورک دەکووژن و لە لایەن ئەمەریکاوە بە تیرۆرست دانراون".

ئەردۆغان دەشڵێت: "واشنتن لە چەند ساڵێکدا، 5 هەزار بارهەڵگەر و 2 هەزار فرۆکە یارمەتی پێشکەشی پەیەدە و یەپەگە کردووە".

هێرشکردنە سەر شاری عفرینیش بەهۆکاری گوێنەگرتنی ئەمەریکا لە تورکیا دەزانێت و دەڵێت ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانیان.

سەبارەت بە زیندانیکردنی قەشە ئەمەریکییەکە لە تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نووسیویەتی: "ئەو تۆمەتبارە بە یارمەتیدانی گروپی تیرۆرستی، دەبوو ئەمەریکا رێزی لە بڕیاری دادگا بگرتایە نەک هەڕەشەمان لێبکات".

سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە ئەمەریکا دەکات رێز لە پەیوەندییەکانیان بگرێت دەنا تورکیا بە ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی وڵاتەکەی هەڵدەستێت و بە دوای هاوپەیمان و هاوڕێی دیکە دەگەڕێت.

H.J