پارتی و یه‌كێتی: له‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌ڵه‌كانی پێشوو دووباره‌ ناكه‌ینه‌وه‌

دوای كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌ سوننیه‌كان راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە سوننەکان کۆبوونەوە و هەردوولا بڕیاریاندا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە مەبەستی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی هاوکاری و هەماهەنگی بکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری هەولێر شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سەرکردەی هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی کە لە چەندین لایەنی سوننە پێکهاتووە کۆبوونەوە.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا هەردوولا بڕیاریاندا لەپێناو پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەن، راشیانگەیاندووە، لەسەر بنەمای پرۆگرامێکی روونی سیاسی و حکوومی بۆ قۆناغی داهاتوو رێککەوتن دەکەن.

هەروەها دووپاتیان كرده‌وه‌، پێویسته‌ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو دەبێت له‌سه‌ر بنه‌مای رێککەوتنه‌ سیاسیەکان و بەڵێنە واژۆکراوەکان دابمەزرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەکرێنه‌وه‌ و پێچەوانەی دەستووریش کار نه‌كرێت.

H.B