به‌وێنه و ڤیدیۆ.. دوای 67 ساڵ دابڕان چه‌ند دایكێك به منداڵه‌كانیان شاد بوونه‌وه
دایكێك پرسیاری ژماره‌ی منداڵه‌كان له كوڕه‌كه‌ی ده‌كات و یه‌كێكی دیكه‌ش توانای قسه‌كردنی نامێنێت
K24- هه‌ولێر:
له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا یه‌كێك له‌و دایكانه نیشان ده‌درێت، كه توانی دوای نزیكه‌ی 7 ده‌یه چاوی به كوڕه ته‌مه‌ن 71 ساڵیه‌كه‌ی بكه‌وێت، ئافره‌تێكی به‌ساڵاچووی ته‌مه‌ن 92 ساڵی بوو، كه دوای 67 ساڵ له دابڕان چاوی به كوڕه كۆرییه باكووریه‌كه‌ی كه‌وته‌وه، كه به‌هۆی جه‌نگه‌وه لێك دابڕابوون.
له رێوڕه‌سمی چاوپێكه‌وتنی نێوان ئه‌و دایك و كوڕه‌دا، كه له شوێنێكی گه‌شتیاری بۆ كۆمه‌ڵێك هاووڵاتی هاوپرس به‌ڕێوه‌چوو، یه‌كه‌م پرسیاری لی كیۆم سیۆم كه له ری سانگ چولی كوڕه‌كه‌ی كرد ئه‌وه بوو پێی گوت: "چه‌ند منداڵت هه‌یه؟ ئایا هیچ كوڕێكت هه‌یه؟".
ری سانگ باوه‌شی به دایكه‌كه‌یدا كرد كه دوا دیداری له‌گه‌ڵ دایكه‌كه‌ی له‌كاتێكدا بووه كه ته‌مه‌نی ته‌نیا 4 ساڵ بوو و تائێستاش دایكه به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی وێنه‌یه‌كی هاوسه‌ره كۆچكردووه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مابوو، كه دوای جیابوونه‌وه‌یان به‌هۆی جه‌نگه‌وه به‌ره‌و كۆریای باشوور رایكردبوو، له‌كاتێكدا باوك و كوڕه‌كه له كۆریای باكوور مابوونه‌وه.
له چیرۆكێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌دا كه به‌شێكیان له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا تۆماركراون و كۆپییه‌كی له كه‌ناڵی رووسیا توده‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه، دایكێكی 99 ساڵی به‌ناوی هان شین جا نیشان ده‌درێت، كه له‌یه‌كه‌م دیداری له‌گه‌ڵ دوو كچه كۆرییه باكوورییه‌كانی توانای قسه‌كردنی نامێنێت. ئه‌و ئافره‌ته ده‌ڵێت: له سه‌رده‌می جه‌نگ كه دوو كچه‌كانم له كۆریای باكوور جێهێشت و لێیان دابڕام و له‌گه‌ڵ كچه بچووكه‌كه‌م به‌ره‌و كۆریای باشوور رامكرد، هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد كه بۆ نزیكه‌ی 70 ساڵ چاوم پێیان ناكه‌وێته‌وه.

نزیكه‌ی 330 هاووڵاتی كۆریای باشوور له كۆی 89 خێزان كه زۆربه‌یان له‌سه‌ر كورسی بزوێنه‌ر كه‌وتوونه، له رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه توانییان چاویان به 185 له كه‌سه نزیكه‌كانیان له كۆریای باكوور بكه‌وێته‌وه، له‌كاتێكدا هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان ده‌ده‌ن، كه ماوه‌ی نزیكه‌ی 70 ساڵه سۆراخی یه‌كتر نازانن.

ئه‌م دیداره به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستێكی نێوان هه‌ردوو كۆریا به‌ڕێوه‌چوو، كه ماوه‌ی 3 ساڵه كاری بۆ ده‌كرێت و به به‌ڵگه‌نامه و مۆڵه‌تی فه‌رمی حكوومه‌ته‌كانی هه‌ردوو وڵاته‌كه له كۆریای باشووره‌وه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی رێگه‌یان پێدراوه بۆ بینینی كه‌سه نزیكه‌كانیان سه‌ردانی كۆریای باكوور بكه‌ن.
بڕیاریشه له‌ماوه‌ی 3 رۆژی داهاتوودا دیداره‌كه ته‌نیا بۆ ماوه‌ی 11 كاتژمێر به‌رده‌وام بێت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه خه‌ریكه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو كۆریا به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو به‌هۆی پرۆگرامی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی پیۆنگ یانگه‌وه ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان پچڕابوون.
ئه‌مه دوای ئه‌وه بوو، كه له چه‌ند مانگی رابردوودا، كیم جۆنگ ئون، سه‌ركرده‌ی كۆریای باكوور به‌رامبه‌ر كۆریای باشوور نه‌رمی نیشاندا و خواستی خۆی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ی نه‌شارده‌وه، له یه‌كه‌م لووتكه‌ی نێوان كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور و مون جای ئینی هاوتا باشوورییه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌یه‌ك شادكردنه‌وه‌ی خێزانه لێكدابڕاوه‌كان رێككه‌وتن.
له‌كاتێكدا كۆریای باشوور له‌و باوه‌ڕه‌دایه، خێزانه لێكدابڕاوه‌كان گه‌وره‌ترین كێشه‌ی مرۆڤایه‌تییه، كه به‌هۆی جه‌نگێكی نه‌خوازراو لێك دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، كه به ملیۆنه‌ها كه‌س تێیدا كوژران و بووه هۆی دابه‌شبوونی نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا به‌سه‌ر باكوور و باشووردا.
ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی یه‌كگرتنه‌وه ئاماژه به بوونی 600 تا 700 هه‌زار هاووڵاتی كۆریای باشوور ده‌كات، كه كه‌س و كاره‌كانیان له كۆریای باكوور ماونه‌ته‌وه. ئه‌و ئامارانه ده‌ریشده‌خه‌ن، له‌كۆی 132 هه‌زار كه‌س كه له ساڵانی رابردوودا بۆ بینینی كه‌س و كاره‌كانیان داواكارییان پێشكه‌ش كردبوو، زیاتر له 75 هه‌زار كه‌س كۆچی دواییان كردووه.
H.B