گۆڕان وهڵامی یهكێتی ناداتەوە
پێویستە گۆڕان ئەو ھەنگاوەی یەكێتی بە ئەرێنی وەربگرێت
K24 - سلێمانی
دوای ئەوەی یەکێتی لە بارەی رووداوەکانی ئێوارەی 12 ئایاری 2018، كاتی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردنی لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد، بەڵام ھێشتا بزووتنەوەی گۆڕان ھیچ وەڵامێکی بۆ پەیامەکەی یەکێتی نییە و دیاریش نییە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی دهکات.
ھاتنی جەژنی قوربان بووە دەرفەتێك بۆ ئەوەی دوولایەنی ناکۆکی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێك بەرەو ئاشتەوایی نێوانیان بنێن کە ئەو دوولایەنەش گۆڕان و یەکێتین. ئەندامێکی دەرچووی پەرلەمانی عێراق کە ھاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیشە دەڵێت، حزبەکەی لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەو نامەیەی ئاراستەی گۆڕان کردووە.
بەختیار شاوەیس، کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "گرنگە خوێندنەوەی نابەجێی بۆ پەیامەكەی یەكێتی نەكرێت، بۆ نموونە نەگوترێ یەكێتی لە لاوازی ئەوەی كردووە یان مەرامێكی دیكەی ھەیە، بەڵكو دەبێ ھەموو لایەك ئەو پەیامە لە گەورەی یەكێتییەوە بخوێننەوە، چونكە یەكێتی براوەیەكی باشی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە
بزووتنەوەی گۆڕان ھێشتا ھیچ وەڵامێکی بۆ پەیامەکەی یەکێتی نیە و دەڵێن، ئۆرگانی فەرمی بزووتنەوەکە کە جڤاتی نیشتمانیە بڕیار دەدات چۆن مامەڵە لە گەڵ یەکێتی نیشتمانیدا بکات. بێستون فایەق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "جڤاتی نیشتمانی وەك ئۆرگانی سەركردایەتی گۆڕان بڕیار لە ھەموو پرسەكانی چارەنووسازەكان دەدات، بۆیە لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی داھاتوودا ھەم لەسەر داوای لێبوردنەكەی یەكێتی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیوەندییەكانی یەكێتی لە ناوچەكە و لە كوردستان، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری كۆتایی دەدات".
پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە گرنگییەوە لە دەسپێشخەریەکەی یەکێتی دەڕوانێت و پێی باشە پەیوەندیی یەکێتی و گۆڕان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئاسایی بێت، بە تایبەت لە سنووری سلێمانی گرنگە گۆڕان و یەکێتی تەبا بن.
لەوبارەوە دانا جەزا، کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێ: "ئێمە ھەمووكات بە گشتی داوامان كردووە كە ھێزە سیاسییەكانی كوردستان پەیوەندیی باشیان ھەبێت، ململانێی سیاسی لەسەر بەرژەوەندی ھاووڵاتییان ئاساییە، بەڵام نەگاتە ئەو رادەیەی كە یەكتر سڕینەوەبێت، بۆیە ئێمە دەستخۆشی لە ھەنگاوەكەی یەكێتی دەكەین، ھیوادارین بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو ھەنگاوەی یەكێتی بە ئەرێنی وەرگرێت".
بەشێك لە چاودێران وای دەبینن بارودۆخی ئێستا جیاوازترە وەك لە سێ مانگ لەمەوپێش، بۆیە پێشبینی دەکرێت پرسی پێكھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەڵبژاردنەکانی کوردستان، دیدوتێڕوانینی لایەنەکان بۆ یەکترو پەیوەندییەکانی نێوانیشیان گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
ھ.م