پێكهاته‌كانى كه‌ركووك دژى سه‌ردانه‌كه‌ى باڵيۆزى توركيان بۆ شاره‌كه‌يان

باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق: كه‌ركووك شارى باوك و باپيرمه‌

K24 – كه‌ركووك:

سه‌ردانى باڵيۆزی تورکیا بۆ کەرکووك و وەسفکردنی ئەوشارە بە خاکی باوك و باپيرانى کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و وتەکانی بە ئاڵۆزکردنی زیاتری کێشەکان و تێکدانی پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوەکان له‌ كه‌ركووك ناوده‌برێن.

هاوكات، داواش دەکرێت حکوومەتی عێراق هەڵوێستی هەبێت، به‌و پێيه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌و باڵيۆزه‌ له‌ كاتى پشووى جه‌ژندا ئه‌نجامدراوه‌.

عەلی موفتی وتەبێژی تورکمان ئیلی، تايبه‌ت به‌ كوردستان24 رايگه‌ياند، پێويست بوو له‌ برى ئه‌و قسانه‌، كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانه‌كانى كه‌ركووك بكرايه‌.

له‌و باره‌يه‌وه‌، په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ كه‌ركووك، هێمن ده‌لۆ رايگه‌ياند، سه‌ره‌ڕاى نيگه‌رانى كورد و پێكهاته‌كانى ديكه‌، هه‌ريه‌ك له‌ بەرەی تورکمانی و تورکمانە قەومیيەکان، پێشوازيان له‌و وتانه‌ كردووه‌.

رۆژى 20ى ئه‌م مانگه‌ باڵيۆزى توركيا له‌ به‌غدا، فاتح يه‌ڵدرز سه‌ردانى شارى كه‌ركووكى كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئيدارى و لايه‌نه‌ توركمانييه‌كان كۆبوويه‌وه‌.

باڵيۆزى توركيا، له‌و سه‌ردانه‌يدا رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى جه‌خت له‌سه‌ر يه‌كپارچه‌يى خاكى عێراق ده‌كاته‌وه‌.

ئاشكراشيكرد، كه‌ ده‌وڵه‌تى توركيا پرۆژه‌ى تايبه‌تى بۆ شارى كه‌ركووك هه‌يه‌ و له‌ ماوه‌ى 100 رۆژدا ژماره‌يه‌ك پڕۆژه‌ ئه‌نجامده‌دات و به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ش تايبه‌ت ده‌بن به‌ كه‌ركووكه‌وه‌.

ئ.ڕ