سودێکی گەورەی شۆکۆلات دۆزرایەوە

هەواڵێکی خۆش بۆ ئا‌شقانی شۆکۆلات

K24 – هه‌ولێر:

شۆکۆلات (چۆکۆلێت) یەکێکە لەو خواردنانەی خەڵکێکی زۆر ئارەزووی دەکەن، بەڵام بەهۆی مەترسی زیادبوونی کێش، ئاشقانی شۆکۆلات خۆیان بە دوور دەگرن لە زۆر خواردنی، بەڵام سوودێکی گەورەی شۆکۆلات رێگایان دەدات بێ دوودڵی مانگانە بیخۆن.

تێکچوونی تەندروستی دڵ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی مرۆڤ لە جیهاندا، تەنها لە وڵاتی بەریتانیا، ساڵانە 900 هەزار کەس چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ وەدەگرن.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانکۆی پزیشکی ماونت سینای لە نیویۆرک ئەنجامدراوە، بەهۆی بوونی پێکهاتەی فلاڤۆنۆید، شۆکۆلات دەمارەکانی دڵ بەهێزدەکات و یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن دەدات.

بەڵام توێژینەوەکە هۆشداریش دەدات لەوەی، زۆرخواردنی شۆکۆلات بەهۆی بوونی شەکر و چەوری زۆر، زیانەکانی زیادتر دەکەن لە سوودەکانی.

دکتۆر چایکریت کریتاناوۆنگ، بەڕێوەبەری توێژینەوەکە، لەبارەی ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان دەڵێت: "شۆکۆلات سەرچاوەی فلاڤۆنۆیدە کە سوودی بۆ کەمکردنەوی هەوکردن و زیادکردنی کۆڵێستڕۆڵی سوودبخەش هەیە".

ئەو پزیشکە دەشڵێت: "فلاڤۆنۆید دەشتوانێت گازی نیتیرک ئۆکساید زیادبکات کە بەرپرسە لە فروانکردنی دەمارەکان و چالاککردنی سوڕی خوێن".

بۆئەوەی سوود لە شۆکۆلاتە وەربگری، ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاریت دەکات، مانگە سێ پارچە(باڕ) شۆکۆلات بخۆیت نەک زیاتر، هەروەها لە کاتی کڕینی، دڵنیابە لەوەی شۆکۆلاتەکە بەشێوەیەکی تەندروست بەرهەمهێندراوە.

H.J