هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌كاتی خۆیدا ده‌كرێت
دۆخی شاری كه‌ركووك هه‌ستیاره
K24- هه‌ولێر:
لایەنەکان لە هەوڵی کۆبوونەوەی شەش قۆڵیدان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنە نارازیەکان دەکات. نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای دەکات هیچ رێکەوتنێک نەکراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، سەڵاحەدین بەهائەدینیش دەڵێت گرنگ ئەوەیە یەک هەڵوێست بین، یەکێتیش دەڵێت بۆ کێشەی کەرکووک لەگەڵ پارتی لیژنەمان پێکهێناوە. کۆمەڵێش ئاشكرای ناكات كە بەتەمای چین و دەڵێت: نازانن بەشداری حکوومەت دەکەن یان نا.
ئەو کۆبوونەوانەی ئێستا به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئامادەکارین بۆ کۆبوونەوەی شەش قۆڵی نێوان لایه‌نه كوردستانییه‌كان، جگە لە کێشە نێوخۆیەکان پرسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بابەتی سەرەکییە.
له‌باره‌ی چوونی كوردیش بۆ به‌غدا نێچیرڤان بارزانی ده‌خت ده‌كاته‌وه، "پێمان باشە شاندەکەی ئێمە نوێنەری چوار لایەنە نارازیەکەی تێدا بێت"، لە بارەی هەڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی كرده‌وه، تائێستا هیچ رێکەوتنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنه‌كان له‌ئارادا نییە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كه لایەنەکان هەوڵ دەدەن پێکەوە بچنە بەغدا و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و بابه‌ته له‌ماوه‌یه‌كی نزیکدا یەکلای بکرێتەوە، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "گرنگ نییە به یەک شاند بچینه به‌غدا، به‌ڵكو ئەوەی گرنگە ئه‌وه‌یه كه پێویسته له‌بغدا یەک هەڵوێست بین، لە بارەی هەڵبژاردنیش به‌هائه‌دین دەڵێت: "لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین".
سه‌باره‌ت به یه‌كێتی نیشیتیمانی كوردستانیش، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه سەردانی سێ لایەنە نارازیەکەی كرد، سەردانی کۆمەڵیشی کرد و ئەوانیش بەلایانەوە گرنگە کورد بە یەک دەنگ بچێتە بەغدا، له‌مباره‌شه‌وه سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: "بارودۆخی کەرکووک نا ئاسایە و لەگەڵ پارتی هەوڵی چاککردنی دەدەین".
هه‌رچی كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه تێبینی لەسەر تۆماری دەنگدەران هەیە و بەڕوونیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه، به‌ڵام لە بارەی بەشداریكردنیان لە حکوومەتی داهاتوی عێراق، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "هیشتا خۆمان یەکلای نەکردوەتەوە".
به‌مدواییانه هه‌وڵه‌كانی راگه‌یاندنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی عێراقی له‌پێناو پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو چڕ كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام تائێستا ئه‌و لایه‌نه دیار نییه كه ده‌بێته خاوه‌ن چانسی گه‌وره و ئه‌مجاره‌ش كورد بووه‌ته باڵانسی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه و لایه‌نه كوردییه‌كان ببنه فریادڕه‌سی هه‌ر كامێك له هاوپه‌یمانێتییه‌كان، ریسی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه ده‌بێته‌وه خوری.
H.B