سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی رووسیا و سەرۆك پوتین دهكات
رووسیا داوای فراوانكردنی پهیوهندیی بواری نەوت و وزە و تەكنەلۆژیای تازە له ههرێمی كوردستان دهكات

K24 - ههولێر:
سەرۆك مهسعوود بارزانی سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی ڕووسیا و سەرۆك پوتین دهكات بەرانبەر گەلی كوردستان و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا بە مێژوویی و دۆستانە لە قەڵەم دهدات.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 30/8/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی له میانی دیدارێكدا لهگهڵ پاڤێڵ سۆرۆكین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدڕاڵ و شاندێكی یاوهری رایگهیاندووه: "پشتیوانی لە پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا لە گشت بوارەكاندا دهكات".
لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەدان بە ئەو تەحەدییاتەی كە گەلی كوردستان تێیپەڕاندووە، خۆشحاڵی خۆی بە سەرۆك بارزانی گەیاند كە "هەرێمی كوردستان سەرباری گرفتەكان لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە و بۆ ڕووسیا بایەخێكی تایبەتی هەیە و هەرێمی كوردستان داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانیەتی". داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی نەوت و وزە و تەكنەلۆژیای تازە و بوارەكانی تر بەرفراوانتر ببێت.
