ساتی دزینی 116هه‌زار دۆلار له هاووڵاتییه‌كی كوردی كه‌ركووك
هاووڵاتییه‌كه بۆ كوردستان 24 قسه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی، كه له كامێرای چاودێری وه‌رگیراوه، له گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسمی شاری كه‌ركووك، چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر هاووڵاتییه‌ك و بڕی 116 هه‌زار دۆلار، كه ده‌كاته 11 ده‌فته‌ر و 60 وه‌ره‌قه، لێ ده‌سه‌نن و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی ده‌به‌ن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی كه‌ركووك، هاووڵاتییه‌كه ناوی (ابراهیم اسماعیل رەمەزان)ـه و پیشه‌ی ئاڵوگۆڕی دراوه، جگه له‌و 116 هه‌زار دۆلاره، 4 ملیۆن دیناری عێراقی و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی، كه له جۆری تۆیۆتا كۆرۆلا (ژماره‌ی تابلۆ 1200 كه‌ركووك)ـه، ده‌به‌ن.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، دواتر ئه‌و دزانه ئۆتۆمبێله‌كه‌یان له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركووك جێهێشتووه.
به گوێره‌ی ئاسایشی كه‌ركووك، دوو له چه‌كداره‌كان، لۆگۆی میلیشیاكانی "عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق"یان پێوه‌بووه.
وه‌ك له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێت، چه‌كداره‌كان پیكابێكی تیۆیۆتا هایلۆكسی به‌رزیان پێیه، ده‌مامكی خۆیان داوه، دووانیشیان جلی سه‌ربازییان له به‌ره.
چه‌كداره‌كان ئێستا بۆ شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتوون و خۆیان حه‌شار داوه.
ئاسایشی كه‌ركووك باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و هاووڵاتییه دووه‌مجاره دزی لێده‌كرێت و پێشتریش له‌سه‌ر رێگه‌ی كه‌ركووك – چه‌مچه‌ماڵ، بڕی 375 ملیۆن دیناری عێراقییان لێ سه‌ندووه.
ڤیدیۆی ساتی رووداوه‌كه
هاووڵاتییه‌كه چۆنیه‌تی رووداوه‌كه بۆ كوردستان 24 ده‌گێڕێته‌وه
ا. م