ئه‌فسه‌رێكى راكردووى زيندانه‌كانى توركيا نهێنى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

بڕیاریداوە تەواوی راستیيەکان ئاشکرا بکات

K24 – هه‌ولێر:

ئەفسەرێکی پلە باڵای ھێزی دەریایی تورکیا، کە بەتۆمەتی بەشداری لە کودەتاکە دەستگیر کراوە لە زيندان ھەڵھاتووە. بڕیاریداوە تەواوی راستیيەکان ئاشکرا بکات.

جەعفەر تۆپکایا، لە پۆستێکی ھەستیار لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە بەلجیکا کاری کردووە. له‌ ئۆکتۆبەری 2016 بەبیانووی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بانگھێشتی تورکیا دەکرێتەوە.

جەعفەر تۆپکایا، ئەفسەری ھێزە دەریایی تورکیا له‌و باره‌يه‌وه‌ رايگه‌ياند، "فێڵ بوو، تەڵەیه‌ك بوو بۆ منیان دانابوویەوە، ھاوڕێکانم ئاگاداریان کردمەوە. لەگەڵ خێزانەکەشم قسەم کرد. بەڵام من ھیچ شتێکم لەخۆمدا شک نەدەبرد و بێ تاوان بووم بڕیارمدا بچمەوە تورکیا  بەشداری کۆبوونەوەکە بکەم. کۆبوونەوەیەکی زۆر کورت بوو و دوای ئەوەی لە باڵەخانەکە چوومە دەرەوە دەستگیریان کردم. داوام لێکردن بۆم روونبکەنەوە بۆ دەستگیرم دەکەن، بەڵام وتیان ھیچ شتێکی فەرمیمان پێ نیە تەنھا فەرماندەی ھێزی دەریایی داویکردووە دەستگیرت بکەین".

جەعفەر تۆپکایا بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی رێکخراوی  گولەن لە زيندانى سینجان لە دەرەوەی ئەنقەرە زيندانى دەکرێت.

ئه‌و گوتى: من لە زيندان بووم و ئینتەرنێتم نه‌بوو، بەڵام بەناوی منەوە لە تویتەر شتیان بۆ دەنووسیم و دەیانوت ئەمانە تویتی تۆن.

جەعفەر دوای شازدە مانگ لە زيندان بەمەرج ئازاد دەکرێت و ھەموو ھەفتەیەک دەبێ سەردانی بنکەی پۆلیس بکات و پاسپۆرتە دیپلۆماسیەکەی لێوەردەگرنەوە.

تۆپکایا باس لە بارودۆخی خراپی ناو زيندانه‌كه‌ى كرد و گوتى: "من سەرەتا بەوە دەستم پێکرد، تێبینی بنوسمەوە لەبارەی ئەو کاتانەی کە لە زيندان دەمێنمەوە. بەڵام بەھۆی خراپی خۆراکی و شوێنی مانەوەمان شتم لەبیر دەچوو. جاری واھەبوو ناوی منداڵەکانم لەبیر دەچوویەوە. بەروارم نەدەزانی و نەماندەزانی ساڵی چەندە".

جەعفەر تۆپکایا تەمەنى 42 ساڵه‌ و یەکێکە لەو 77 ھەزار کەسەی بەتۆمەتێک کە لەوانەیە ھیچی زیاتر نەبێت لەوەی جەعفەر دەستگیر کراون و 130 ھەزار فەرمانبەریش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

هه‌روه‌ها گوتى: "من شانسم ھەبوو پاسپۆرتی دووەمم لەماڵی باوکم بوو. دوای ئەوەی چوومە یۆنان و 4ی ئاداریش ھاتمەوە بۆلای خێزان و منداڵەکەم لە بەلجیکا. وەک ئەوەبوو جارێکی دیکە لەدایک ببمەوە. چونکە شێوەیانم لەبیر چووبوویەوە و گەورە بووبوون. خێزانەکەم دەیزانی دێمەوە بەڵام بە کوڕ وکچەکەمی نەوتبوو کە یەکترمان بینیوە. زۆر زۆر خۆش بوو. چەند رۆژێک نەماندەتوانی قسە بکەین تەنھا سەیری یەکترمان دەکرد و پێدەکەنین یان ھەندێک جار دەگریایین".

دایک و باوک و برایەکی جەعفەر لە تورکیان، براکەی بەھەمانشێوە لە ھێزی دەریای تورکیایە جەعفەر ئاشکرای كرد، لە ترسی حکومەتی تورکیا ناچاربووە ناوی خێزانی خۆی بگۆڕێت و حاشای لێکردووم. ئەمەش نمونەی ھەزاران خێزانە کە لەژێر فشاری دەسەڵاتدارانی تورکیا لێکدابڕاون. بەڵام جەعفەر دەڵێ: "لەبارودۆخی براکەم تێدەگەم دەزانم لەدڵەوە رقی لەمن نیە و رۆژێک دێت باوەشی گەرمی برایانە بەیەکدا دەکەینەوە".