دۆکیۆمێنتەرییەکی ئیتالی باس لە چالاکی داعش لە عێراق دەکات

"ئەوەی لە وێرانەکانی مووسڵ زیندووە، بیری توندڕەویی داعشە'

K24- هه‌ولێر:

گروپێک لە فیلمسازانی ئیتالیا دۆکۆمێنتەرییەک لەسەر داعش لە عێراق دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت کە ئایدەلۆژیای داعش زیندووە و ئەگەری گەڕانەوەیان زۆرە.

ئەو بەرهەمهێنەرە ئیتاڵیانە، 18 مانگ کاری بەردەوامیان کردووە و قسەیان لەگەڵ منداڵ و بێوەژنەکانی داعش کردووە، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە لە ناو وێرانەکانی شاری مووسڵ ئەوەی زۆر زیندووە بیری توندڕەویی داعشە.

بەگوێرەی هەواڵێکی دەیلی سەن، کاتێک تیمە ئیتاڵییەکە چوونە کامپی خێزانەکانی چەکدارانی داعش، یەکێک لە بێوژنەکانی داعش بە تیمەکە گوتووە: "ئەمڕۆ هی ئێوەیە و بەیانی هی ئێمە دەبێت".

ئەلێسیۆ رۆمێنزی، کامێرامانی فیلمەکە، منداڵانی داعشی بینیوە کە گشتیان بە ئاشکرا هەڕەشەی تۆڵە دەکەنەوە، دەڵێت: "ئەو منداڵانە فێرکراون کە شکستی جیوگرافیا هیچ مانایەکی نییە، بۆیە بەردەوام راهێنانی فیکیریان پێدەکرێت".

بە گوتەی تیمەکە، بیری داعشی بە تەواوی لەناو مێشکی منداڵ و بێوەژنەکانی داعش رۆچووە و هەندێک لە منداڵەکان خەونیان ئەوەیە چۆن رۆژێک ملی رۆژنامەنووسێکی بیانی بە چەقۆ لەسەری جیابکەنەوە.

یەکێکی دیکە لە کامێرامانەکان بە ناوی فرانسێسکا مانوچی پێیوایە، ئەوانەی پێشتر دڵسۆزی داعشبوون، ئێستا زیاتر دڵسۆزن.

مەنووچی دەڵێت: "ئەگەر یارمەتی بونیادنانەوەی عێراق نەدرێت لە رووی کۆمەڵایەتی و فیزیکی، ئەوا مەترسی زۆر گەورەی گەڕانەوەی داعش هەیە".

فیلمەکە بەناوی "داعش، بەیانی. رۆحە ونبوەکانی مووسڵ" کە دوێنێ پێنجشەممە لە شاری ڤێنسی ئیتالیا نمایشکرا، پەیامی ئەوەی پێیە، ئەمجارە داعش بێتەوە زۆر دڕندانەتر کارەکانی دەکات.

مەنوچی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کردووە: "داعش پلانی لە حکوومەتی عێراق زیاترە. ئەوان وەک هەر هێزێکیتری تۆتالیتاری کاریان لەسەر منداڵکردووە. بەغدادی کار بۆ 10 ساڵی دیکەی عێراق دەکات".

H.J