بەرپرسێكی ھاوپەیمانی لەسەر "گەڕانەوەی" بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی زانیاری دەخاتەڕوو
"رەنگە جەماوەر پێی خۆشبێت جارێكی دیكە لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە"
K24 - سلێمانی
ئەندامێكی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح، بۆ ناو یەكێتی و بوونی بە كاندید بۆ سەرۆك كۆماری عێراق روونكردنەوە دەدات و زانیاریش لەبارەی یەكتربینینی بەرھەم ساڵح و سەركردەكانی یەكێتی لە یەكێك لە سەیرانگاكان دەخاتەڕوو.
حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە کوردستان24ی راگەیاند: "ھاوپەیمانی ھێزێكە خاوەن پڕۆژەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە، زۆربەی سەركردە و كادیرەكانی ھاوپەیمانی كە لە یەكێتی ھاتووینەتە دەرەوە رەنگە جەماوەر پێی خۆشبێت جارێكی دیكە لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە، بەڵام تائێستا ھیچ باس و خواسێكی لەسەر ئەو بابەتە نییە و ئێمە لە ھاوپەیمانی خەریكی رێكخستنەوەی دامودەزگا و پەیوەندییەكانی خۆمانین، گفتوگۆمان ھەیە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام بەو ئاقارە نییە كە یەكبگرینەوە، ئەوەی ھەیە پڕوپاگەندەیە، تائێستا ھیچ پڕۆژەیەك بۆ چوونەوە ناو یەكێتی و یەكگرتنەوە نییە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە بۆچی ھاوپەیمانی بە راشكاوی روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی چوونەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ریزەكانی یەكێتی نادات. حەسەن بارام گوتی: "ئەگەر نیازێكی وا ھەبێت، بۆچی ئێمە خەریكی خۆ رێكخستنەوە و سازدانەوەین، ھیچ مەبەستێك نییە بۆ گەڕانەوەی كاك بەرھەم بۆ ناو یەكێتی، نەیگوتووە و دەگەڕێمەوە ناو یەكێتی و ھیچ كۆبوونەوەیەك بەو ئاراستەیە نەكراوە، ناتوانین فاڵ بگرینەوە ھەفتەیەكی دیكە چی روودەدات، بەڵام ئێستا ئەوە لە ئارادانییە و لەگەڵ ھەموو ھێزەكانیش گفتوگۆمان ھەیە".
سەبارەت بە چەند وێنەیەكی بەرھەم ساڵح و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كە لە سەیرانگایەكی كوردستان گیراون و لە ھەندێك پەیج بڵاوكراونەتەوە، ئەو بەرپرسەی ھاوپەیمانی دەڵێ: "ئەو یەكتربینینەیان لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی گەشتێكی كۆمەڵایەتیی بووە و محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست بەشداربووە، بڕواناكەم بابەتێكی وا بەو قەرەباڵخییەوە باس بكرێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "كە داوای پۆستی سەرۆك كۆمارمان نەكردووە و لە كۆبوونەوەكانیش باسمان نەكردووە".
ھ.م