كەركووك چاوەڕێی حكوومەتی نوێیە
ھێشتا كورد خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە
K24 - كەركووك
ھێشتا ھێزە سیاسییەکان بەرچاویان روون نییە و نازانن کێیە ئەو کەسەی دەچێتە سەر کورسی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەم قۆناخەدا پرسی کەرکووکە، ھاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو شارەش لەبارەی بەشداری كورد لە حكوومەتی داھاتووی عێراق بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، بەشێكیان پێیان باشە کورد لەگەڵ بەرەی مالیکی بێت و ژمارەیەكی دیکەشیان پێیانوایە کورد خۆی بۆ بەرەی عەبادی ساغ بکاتەوە.
ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك بۆ ھێزە کوردییەکان یەکلاکەرەوەیە، تاکو بڕیار بدەن کە دەچنە پاڵ کام کوتلەی گەورەی سیاسیی عێراق بۆ پێکھێنانی حکوومەت.
لەنێو بازاڕی گەورەی کەرکووکدا، پیاوێکی بە ئەزموونی کورد، کە لە چوار دەوریدا پێکھاتەکانی دیکەش دانیشتبوون، پێیوابوو مالیکی لەخراپترین حاڵەدا باشترە بۆ کورد وەك لە عەبادی.
حاجی بەشارەت شەوکەت، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی كەركووكە ئەو دەڵێت: "راستە ھەردووكیان شیعەن، بەڵام مالیكی باشترە لە عەبادی، چونكە عەبادی كەسێكی بێ بەزەییە و ئاگاداری حاڵی خەڵك نییە".
لە بەرامبەردا کەم نین ئەو بۆچوونانەی کە دژی ئەوەن کورد بچێتە پاڵی نوری مالیکی، وەستا ئارام ھەر وەك بەشێکی زۆرینەی خەڵك لەگەڵ کارکردندا باسە گەرمەکەیان قسەکردن بوو لەسەر گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و یەکلایی بونەوەی کورد لەو نێوەندەدا. ئەو دەڵێت: "تەنھا تەنازول نەكەن لەسەر كەركووك ھیچ دیكەمان ناوێت، پێشتر ئەزموونمان لەگەڵ مالیكی ھەیە پێش عەبادی ئەویش خراپی پێكردین، من پێموایە موقتەدا سەدر لە ھەردووكیان باشترە".
بە رای ژمارەیەك لە چاودێرانی سیاسی، ئەو ھێزانەی لە بەغدا چاوەڕێی كوردن بۆ چوونە نێو ھاوپەیمانێتییەكان ھیچ پڕۆژەیەكیان بۆ كورد پێ نییە.
لەوبارەوە زاھیر شوكرد، چاودێری سیاسی بە كوردستان24 گوت: "من ھیچ گەشبین نیم بە حكوومەتی عێراق، لە ساڵی 2003وە عێراق بووەتە دەوڵەتێكی فاشل، لەجیاتی بنیاتنای دەوڵەت ھەڵوەشێندرایەوە. بە بۆچوونی من كام لایەن ئیستحقاقی كورد جێبەجێ دەكات با لایەنە كوردییەكان لەگەڵ ئەو لایەنە بن، با بە سۆزەوە نەكەونە دوای ھیچ لایەنێكی عێراق".
ھ.م