بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەكات
كۆمسیۆن رێنماییەكانی تایبەت بە بانگەشە رادەگەیەنێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە دوای كاتژمێر 12ی ئەمشەو بانگەشەی لایەنەكان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەست پێبكات و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستانیش رێنمایی تایبەت بە بانگەشە كردن رادەگەیەنێت.
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "بە مەبەستی ئامادەكارییەكانی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەمڕۆ كۆمسیۆن لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لە ھەولێر كۆبوونەوە و چەند رێنماییەك لەبارەی بانگەشە درایە لایەنە بەشداربووەكانی ھەڵبژاردن".
ئارام نەجمەدین، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە كوردستان24 راگەیاند: "سبەی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەكات و 23 رۆژ بەردەوام دەبێت، لەبارەی ئامادەكارییەكان ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لە ھەولێر كۆ بووینەوە، رێنماییەكانی بانگەشەی ھەڵبژاردنمان بە نوێنەری لایەنەكان راگەیاند".
روونیكردەوە: "لایەنەكان ئازادن بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ھەموو شوێنێك بكەن، جگە لە باڵەخانەكانی حكوومەت و پەرستاگاكان و پاڕكە گشتییەكان، كە ناكرێت بۆ بانگەشە بەكاربھێندرێن، ئەوەی كە بەلای ئێمەوە گرنگە بانگەشەكردنی لایەنەكان كاریگەری نەرێنی بۆ سەر ژیانی خەڵك نەبێت و رێگاكان دانەخرێن و خەڵك بێزار نەكرێت".
گوتیشی: "داوامان لە لایەنەكان كرد پابەندبن بە رێنماییەكان، بە تایبەتی راگەیاندنەكانیان دووربن لە ناوزڕاندن و تەشھیركردن".
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی راشیگەیاند: "لە ھەموو شاروشارۆچكەكان لیژنەمان دەبێت و ھەر لایەنێك سەرپێچی بكات، سكاڵای لە دژ تۆمار دەكەین و سزای دەدەین".
رۆژی 30/9/2018 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
ھ.م