"رامین پەناهی لەسێدارە نەدراوە"
خەڵكێكی زۆر لەبەردەم گرتووخانەی رەجایی گردبوونەوە
K24 - ھەولێر
لە شەوی رابردووەوە خەڵكێكی زۆر لەبەردەم گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج كۆبوونەتەوە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە زیندوومانەوەی رامین حوسێن پەناھی، بەندكراوی سیاسی كورد.
ئەمجەد حوسێن پەناھی، برای رامین تایبەت بە كوردستان24ی ھەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە، كە باس لە سێدارەدانی رامین دەكات و دەڵێ "ھەرچەندە رامین ئێستا زیندووە و ئەو ھەواڵانەی باسیان لە لەسێدارەدانی لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە دەكرد دوورن لە راستییەوە"، بەڵام نەیشاردەوە كە گیانی رامین ھێشتا لە مەترسی لەناكاوی لەسێدارەدان دایە.
ئەمجەد پەناھی، راشیگەیاند، دوای داوا و فشارێكی زۆر ئەمڕۆ رێگە دراوە بە دایك و باوكی رامین چاویان بە كوڕەكەیان بكەوێت.
ھاوكات ئەمجەد پەناھی، دەڵێ "رامین یەك ھەفتەیە لێوەكانی خۆی دووریووە و مانی لە خورادن گرتووە و لەژێر فشاری بەرپرسانی زیندانیشدا رێگەی بە كردنەوەی لێوەكانی نەداوە".
لە دوێنێوە شەپۆلێكی دیكەی داواكاری چالاكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بۆ راگرتنی بریاری لەسێدرەدانی دەستی پێكردووەتەوە، بەڵام تا ئێستاش دەسەڵاتی دادوەری سوورە لەسەر جێبەجێكردنی سزاكەی.
رامین حوسێن پەناھی لە 23/6/2017، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتێكی سیاسی رۆژھەڵاتی كوردستان، لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركرا، لە 25/1/2018، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرا.
ھ.م