بەڤیدیۆ.. سەربوردەی ئەو جوڵانەوە سەرنجڕاکێشەی 23 ساڵ لەمەوبەر گۆڵپارێزێکی کۆلۆمبی ئەنجامی دا
چیرۆکی ئەو گۆڵپارێزە سەرشێتەی هەموو جیهانی شێتکردبوو
لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا گۆڵپارێزێکی کۆلۆمبی بە جوڵانەوەیەکی سەرنجڕاکێش هەموو جیهانی شۆک کرد و دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ کەچی هێشتا بە تامەزرۆییەوە یادی ئەو جوڵانەوەیە دەکرێتەوە.
لە رۆژی 6ی سێپتێمبەری 1995 لە یاریگەی وێمبلی لە یارییەکی دۆستانەدا لە نێوان ئینگڵاند و کۆلۆمبیادا، لە نیوەی یەکەمدا لەو کاتەی 20 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون، جەیمی رێدناپی یاریزانی ئەوکاتی ئینگڵاند شووتێکی ئاڕاستەی گۆڵ کرد، تۆپەکە بەسەر رێنی هیگیتای گۆڵپارێزێکی کۆلۆمبیا بەرز بووەوە، بێ ئەوەی ئەو گۆڵپارێزە کۆلۆمبییە هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت، کەچی لەناکاو بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش بە پێ تۆپەکەی گەڕاندەوە، هاندەرانی یارییەکەی ناچارکرد دوای یارییەکە بچنەوە ماڵەوە و چەند جارێک گرتەی ئەو جوڵانەوە سەرنجڕاکێشەی تەماشا بکەنەوە، کە دوای یارییەکە هیگیتا بەو جوڵانەوەیەی گوت 'لێدانی دووپشکئاسا' و ئەو لێدانە بووە هۆی ئەوەی هیگیتا بەناوبانگ بێت و تاکو ئێستا هەر باسی بکرێتەوە.

رێنی هیگیتا کە بەهۆی کارە سەرشێتانەکەی و شێوازی گۆڵپارێزیکردنی بە پیاوە 'سەر شێتەکە' ناوزەد دەکرێت، لەبارەی لێدانی دووپشکئاساوە دەڵێت 'ئێستا لەم سەردەمە هیچ گۆڵپارێزێک ناتوانێت ئەم جوڵانەوەیە دووبارە بکاتەوە، چونکە هیچ گۆڵپارێزێک ئامادە نییە ئەم سەرکێشییە بکات، بەڵام من ئەنجامم دا'.
هەروەها هیگیتا لەبارەی بیرۆکەی ئەم جوڵانەوە سەرشێتانییەی دەڵێت 'من لە منداڵییەوە ئەو جوڵانەوەیەم لە خەیاڵدا هەبوو، دواتر لە راهێنانەکان مەشقم لەسەر دەکرد، دوای پێنج ساڵ هەستم کرد دەتوانم لە ناو یارییەک ئەنجامی بدەم و هەوڵم بۆی دا، بەڵام بیرم لەوە نەکردبووەوە لە کوێ و چۆن و کەی جوڵانەوەکە بکەم، چونکە ئەم جوڵانەوەیە پێویستی بە کەشێکی تایبەتە'.
هیگیتا تەنیا لێدانی دووپشئاساکەی نییە، بەڵکو ئەو گۆڵپارێزە کۆلۆمبییە کە لە ساڵی 1966 لەدایکبووە و تاکو ئێستا لە ژیاندایە و تەمەنی 52 ساڵە، بە گۆڵکردن و یاریکردن بە هێرشبەرانی تیپی بەرامبەر بەناوبانگە، تەنانەت هیگیتا لە لێدوانێکی پێشتر رایگەیاندووە 'بە جوڵانەوە سەرنجڕاکیشەکانم توانیم ناوی خۆم و کۆلۆمبیا لەسەر نەخشەی جیهان بە هەموو دونیا بناسێنم'.
هیگیتا لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا بەشداریی مۆندیالی 1990ی کرد و درێسی 13 یانەی جیاوازیشی پۆشی، بە لێدانە راستەوخۆیەکان و پێناڵتییەکانی ژمارەیەکی زۆر گۆڵی تۆمار کرد، لەگەڵ کۆلۆمبیا لە 68 یاریی نێودەوڵەتی سێ گۆڵی کرد، لەگەڵ یانەکانیش لە 380 یاریی 48 گۆڵی تۆمارکرد.
تەنانەت زۆر جار هیگیتا لەناو ناوچەی سزا جوڵانەوەی سەرنجڕاکێشی بە تۆپ دەکرد و هەندێکجاریش بە تۆپەوە هێرشی دەبرد و چەند یاریزانێکی تیپی بەرامبەری دەبڕی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو گۆڵپارێزە سەرشێتە پێشتر هێرشبەر بوو.
سەرکێشییەکانی هیگیتا بێ باج نەبوون، بەڵکو لە مۆندیالی 1990 لە بەرامبەر کامیرۆن ئەو گۆڵپارێزە قژ درێژە بەهۆی یاریکردنی بە تۆپ لە بەرامبەر رۆجێر میلای هێرشبەری کامیرۆنی هەڵەیەکی کوشندەی کرد و بووە هۆی ئەوەی کامیڕۆن بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و کۆلۆمبیا لە قۆناخی 16وە بکرێتە دەرەوە.