حكوومه‌تی عێراق نه‌یتوانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له به‌سره جێبه‌جێ بكات
خۆپیشاندان به‌رده‌وامه.. دۆخه‌كه له كۆنتڕۆڵ ده‌رچووه
K24 - هه‌ولێر:
په‌یامنێری كوردستان 24 له پارێزگای به‌سره رایگه‌یاند، هێزه ئه‌منییه‌كانی پارێزگاكه، بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه بڕیاربوو له ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه جێبه‌جێ بكرێت.
پێشتر سه‌عد معه‌ن، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، رایگه‌یاند، بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچوۆی له پارێزگاكه جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام به گوێره‌ی زانیارییه‌كان بڕیاره‌كه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و خۆپیشاندانیش به‌رده‌وامی هه‌یه.
له سه‌ره‌تای ته‌ممووز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵه‌وه خۆپیشاندان له پارێزگای به‌سره ده‌ستیپێكردووه، نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئاوی خواردنه‌وه، كه ئێستا به ته‌واوه‌تی پیس بووه و به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ت، له‌گه‌ڵ كه‌می كاره‌بای نیشتمانی، ته‌نگیان به هاووڵاتییانی پارێزگاكه هه‌ڵچینه‌وه.
له‌م دوو رۆژه‌ی دوایی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره، 9 خۆپیشانده‌ر كوژراون و نزیكه‌ی 42ی دیكه‌ش به گوللـه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوونه، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی دیكه هاووڵاتییانی پارێزگاكه‌ی تووڕه كردووه.
ا. م