نێچیرڤان بارزانی: ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت

پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردسان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە، كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت و لایەنەكانی دیكەش جەختیان لەسەر ئەوەكردووەتەوە، نەك تەنھا پارتی".

نێچیرڤان بارزانی، ئاشكرای كرد: "سبەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبینەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەمان چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێی عێراق دەبێت".

 سەبارەت بە گفتوگۆكانی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "كۆبوونەوەكانمان بەردەوامە و لەنێوخۆشماندا كۆبوونەوە دەكەین بۆ ئەوەی دوا بڕیاربدەین. ھەروەھا بڕیارە 15 ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق جارێكی دیكە كۆببێتەوە، ھیوادارین تا ئەوكات لەنێوخۆمان و لایەنەكانی دیكەش بگەینە ئەنجام".

نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: "لە سەردانەكانمان بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی دیكە ئەوانیش جەختیان لەوەكردووەتەوە كە دەبێ پێكەوە بچینە بەغدا".