24 رۆژی سەخت چاوەڕێی یاریزانانی بارسێلۆنا دەکات
بارسێلۆنا لە شەممەی داهاتووەوە لە ماوەی 24 رۆژ 7 یاریی گرنگ ئەنجام دەدات
بارسێلۆنا لە ماوەی 24 رۆژدا 7 یاریی گرنگ ئەنجام دەدات و لە هەفتەی داهاتووەوە دەبێت یاریزانانی یانەکە خۆیان بۆ قۆناخێکی هەستیار ئامادە بکەن.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە بارسێلۆنا بۆ ماوەی 24 رۆژ 7 یاریی گرنگ ئەنجام دەدات و لەو ماوەیە پێنج یاریی لە لالیگا و دوو یاریی لە چامپیۆنزلیگ دەکات. بە رووبەڕووبوونەوەی ریال سۆسیداد دەستپێدەکات و بە ڤاڵێنسیاش کۆتایی دێت.
رۆژی شەممەی داهاتوو دوای گەڕانەوەی یاریزانەکان بۆ یانەکە، لە یاریگەی ئەنوێتا دەبنە میوانی ریال سۆسیداد، دواتر هەر لە هەمان هەفتەدا رۆژی 18ی ئەم مانگە بارسێلۆنا لە یەکەم یاریی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، دواتر بارسا دەگەڕێتەوە کامپ نوو، رۆژی 23ی ئەم مانگە میوانداریی جیرۆنا دەکات.
دوای دوو هەفتەی دیکە لە ناوەڕاستی هەفتە یارییەکانی لالیگا بەردەوام دەبن و رۆژی 26ی ئەم مانگە بارسێلۆنا دەبێتە میوانی لیگانێس، ئینجا دواتر رۆژی 29ی ئەم مانگە بلاوگرانا میوانداریی ئاتلێتیک بلباو دەکات، سەرەتای مانگی داهاتووش رۆژی 3ی ئۆکتۆبەر بارسا لە دووەم یاریی چامپیۆنزلیگ لە لەندەن دەبێتە میوانی تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی و لە دوایین رۆژی ماراسۆنەکەشیدا بارسێلۆنا دەبێتە میوانی ڤاڵێنسیا، کە رۆژی 7ی مانگی داهاتوو لەمیانی یارییەکانی لالیگا ئەم یارییە لە یاریگەی مێستایا دەکرێت.
