عەبدولخاڵق مەسعوود هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داوای هەڵوێست وەرگرتن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عەرەب دەکات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەسەر رووداوەکانی یاریی قوە جەوییە و ئیتیحادی جەزائیری داوای هەڵوێست وەرگرتن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عەرەب دەکات و عەبدولخاڵق مەسعوودی سەرۆکی فیدراسیۆنەکەش هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات.
بەهۆی ئەو رووداوانەی لە پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەب لە یاریی نێوان قوە جەوییە و ئیتیحادی جەزائیری روویاندا ، کاتێک هاندەران بە دروشمی جۆراوجۆر ناوی سەددام حوسێنی سەرۆکی پێشووی عێراقیان دەگوتەوە و ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی یاریزانانی یانە عێراقییەکە و ناوهێنانی ئەو دیکتاتۆرەیان بە بێ رێزیکردن بەوان وەسفکرد کە زۆربەی یاریزانەکان شیعەن و بڕیاریان دا لە خولەکی 67 یارییەکە تەواو نەکەن و یاریگەیان بەجێهێشت.
عەبدولخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەوان داوایان لە یانەی قوە جەوییە کردووە بگەڕێتەوە عێراق و جارێک چاوەڕێی هەڵوێستی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جەزائیر و عەرەب دەکەن، ئەگەر هەڵوێستیان نەبێت ئەوا سەرۆکە کوردەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عەرەب دەکات، تەنانەت عێراق هەڕەشەی کشانەوەی سەرجەم یانە عێراقییەکانی لە چاڵاکییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عەرەب کردووە.