شۆڕشی ئەیلوول رژێمی عێراقی ناچار بە دانوستان كرد
کوردستان24 چیڕۆکی داستانی پردی زەڵم لەزاری پێشمەرگەکانی ئەوداستانەوە دەگێڕێتەوە
K24 - سلێمانی
شۆڕشی ئەیلوول بەپڕ داستانترین شۆڕش دادەنرێت و چەندان داستانی مەزنی تێدا تۆمار کراوە، لەساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول کوردستان24 چیڕۆکی داستانی پردی زەڵم لەزاری پێشمەرگەکانی ئەوداستانەوە دەگێڕێتەوە.
شۆرشی ئەیلوول 11 ئەیلوولی ساڵی 1961 بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی، دەستیپێکرد و ئەنجامەکەی بەیاننامەکەی 11 ئازار بوو کە تێدا بۆ یەکەمجار حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق دانی بە تەواوی مافەکانی گەلی کورد دانا، چونكە لەو شۆڕشەدا پێشمەرگە چەندین داستانی مەزنی دژی سوپای عێراق ئەنجامدا، یەكێك لەو داستانانەش داستانی پردی زەڵمە.
شێخ مەحموود باراوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی شۆڕشی ئەیلوولە لەسەر پردی زەڵم باسی چۆنیەتی دانانی بۆسەیەك دەکات بۆ زەعیم سدیق، كە فەرماندەی لیوای 20ی سلێمانی حکوومەتی ئەوسای عێراق بووە، دوای ئەوەی کە زانیاری دەگات بە لقی بەرزنجە و دەگوترێ زەعیم سدیق، بەنیازی سەردانی ھەڵەبجەیە باراوی و پێشمەرگەکانی ھاوکاری بەچەکوش و پاچ ژێری پردی زەڵم دەشکێنن و لە دەوروبەری پردەکە سەنگەر لێدەدەن بۆ ئەوەی داستانێكی بێوێنە لەگەڵ سەرانی دژی شۆڕش ئەنجامبدەن.
شێخ محموود باراوی، بە كوردستان24 گوت: "ئەو شەوە ھاتین پردەكە بشكێنین بۆ ئەوەی ھاتووچۆی سەربازی بپچڕێنین، تۆپبارانی سەختمان لەسەر بوو، ھەندێكمان بە نۆرە ئیشمان دەكرد و ھێزێكی دیكەشمان وەك ھێزی پاڵپشت لەسەرووی ئەوێ دانابوو".
پێشمەرگەیەكی شۆڕشی ئەیلوول و بەشداربووی داستانی پردی زەڵم بەناوی نامیق باراوی، دەڵێت: "كاتژمێر 2ی شەو ھاتینە سەر پردەكە و چەند پێشمەرگەیەك بەھۆی تۆپباران برینداربوو، رژێم لە ھەڵەبجە و سەید سادق تۆپبارانی دەكردین، ئێمە تەنھا چەكی بچووكمان پێ بوو".
لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکە لەسەر پردی زەڵم کاروانێکی زۆری ھێزی حکوومەت بەچەکی قورسەوە رووبەڕووی پێشمەرگەکان دەبنەوە، پێشمەرگەکانی ئەیلوول بەھۆی ئەوەی بیرو باوەڕیان کوردانەبوو بەچەکە سادەکانیشیان سڵیان نەدەکرد لەو ھێزە گەورە چونکە ئامانجیان ھەبوو.
پێشمەرگەکانی ئەیلوول، لە داستانی پردی زەڵم بەشێکیان بریندار دەبن، بەڵام بەردەوام بەبرینداریش لەو شەڕەدا. حوسێن باراوی لەسەر پردی زەڵم لە شوێنی بریندار بوونی ساتی بریندار بوونی و شەڕەکە بۆ کوردستان24 باس دەکات و دەڵێ: "كاتێك كە ھێزەكەمان شكاند دیقەم دەدا ھەرچی گوڵە ھێرۆ دەجوڵا تەقەم لەو شوێنە دەكرد، چونكە بەوێدا ھەڵدەھاتن، لەوكاتە گولـلەیەك بەر روومەتم كەوت و برینداربووم".
لە داستانی زەڵم رێکخستنەکان و ھاووڵاتیانی گوندەکانی سنوورەکەشی تێدا بەشداربوون و بەشێك لەبنکەکانی پۆلیسی ئەوکات ھاتنە ریزی شۆڕشەوە، جگە لە شەڕەکەش گواستنەوەی بریندار و شەھیدەکان لەوێ بۆخۆی داستانێکی دیكە بوو.
حەبیب ئەحمەد، پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنیەکانی شۆڕشی ئەیلوول باس ئەوە دەخاتەڕوو: "شەو كە گەیشتینە نزیك پردەكە ھاتووچۆ بەسەر پردەكە پچڕێندرابوو، بە شەو وڵاغمان ھێنا شەھید و بریندارەكانمان پێ گواستنەوە".
لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 مەلا مستەفا بارزانی، رابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد و شۆڕشەکەی 15 ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستھێنا.
لە 11ی ئازاری 1970 مەلا مستەفا بارزانی و حکوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان رێککەوتن و ئەوە یەکەمجار بوو لە مێژووی کوردستاندا شۆڕشێکی کورد بە 9 ساڵ خەبات بتوانێت ئەو دەستکەوتە بۆ کورد بەدەستبھێنێت.
ھ.م