"كاروانی شۆڕشی ئەیلوول تا سەربەخۆیی ناوەستێ"
شۆڕش لە خانەقینەوە تا زاخۆ بووە راستییەكی حاشا هەڵنەگر
K24 - ھەولێر
57 ساڵ لەمەوبەر، لە 11ی ئەیلوولی 1961، راپەڕینی كوردی باشووری کوردستان بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، كە بە شۆڕشی ئەیلوول ناسراوە، لە دژی پاشگەزبوونەوەی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لە مافەكانی كورد، دەستیپێکرد.
شۆڕش تا رێككەوتنی 11 ئاداری 1970 بەردەوام بوو، بەڵام جارێكی دیكە بەھۆی پاشگەزبوونەوەی بەغدا لە بەڵێنەكانی، لە ساڵی 1974 شۆڕش دەستیپێكردەوە.
دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستانی وەك حزبێكی ئاشكرای یاسایی هەڵوەشاندەوەو لە بەڵێنەكانی لەبارەی مافەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا پەشیمانبووەوە، ناچار كورد دەستی بە خەباتی سیاسی نهێنی و خەباتی چەكداری كرد، بڵێسەی ئاگری شۆڕشی ئەیلوول بەرابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی لە 11/9/1961 راگەیەنرا.
خەباتی سەردەمی شۆرشی ئەیلوول قورس بوو، دونیا دوو جەمسەر بوو، دوو زلهێزی ئەمەریكا و سۆڤیەت، بەڵام شۆڕشێكی گەورەبوو.
زۆری نەخایاند شۆڕش لە خانەقینەوە تا زاخۆ بووە راستییەكی حاشا هەڵنەگر و كورد ھەمووی خرۆشا و ئامادەی قوربانیدان بوو، رۆژ بە رۆژیش متمانەی خەڵك بە بارزانی و بە شۆڕش بەهێزتر دەبوو.
یەكەمین بەرهەمی ئەو شۆڕشە كە لەمێژوودا دیكۆمێنت كراوە رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 بوو. كە گفتۆگۆكانی ساڵی 1991یش لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەبووە.
پێش هەڵگیرسانی شۆڕش، كورد دەچەوسێنرایەوە و هیچ جۆرە مافێكی نەتەوەیی نەبوو، مافی خوێندن بەزمانی كوردی نەبوو. نەیدەتوانی شانازی بەناسنامەی خۆیەوە بكات، عێراق پاشگەزبووەوە لەبڕواهێنان بەو مافانەی لەدوای دامەزراندنی سیستمی كۆماری دانی پێدانابوو، تا دەگاتە ساڵی 19970 و لە 11 ئاداری ئەو ساڵدا، رێككەوتنی نێوان كورد و بەغدای لێكەوتەوە.
گەلەكۆمەكی نێودەوڵەتی و رێككەوتننامەی جەزائیریش لە 6/3/1975 گەورەیی شۆرشی ئەیلوولی دەرخست، بەوەی كە دەستەڵاتدارانی عێراق بە تەنیا نەیاندەتوانی شۆڕش سەركوتبكەن و كۆتایی بە خەباتی كورد بۆ گەیشت بە مافەكانی بێنن.
ئێستاش سەرۆك بازرانی، درێژەپێدەری بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەیە كە باوكی مەلا مستەفا، خەباتی بۆكرد، هەموو تواناکانی بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەزموونی کوردستان و برەوی دیموکراسی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان و زامنکردنی مافەکانیانە، تا ئەو رۆژەی کوردستان دەگاتە کەناری سەربەخۆیی.
ھ.م