یاریگەی فڕەنسۆ هەریری نافرۆشرێت و هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە
بەڕێوەبەری گشتی وەرزش: هیچ نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە بۆ ئەم مەبەستە
یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری نافرۆشرێت و هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە و بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوانیش دڵنیایی دەداتە وەرزشوانان و خەڵکی شاری هەولێر.
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی فرۆشتن و دروستکردنی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە شوێنی یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری، شاکر سمۆ، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رەتیکردەوە هیچ هەوڵێک هەبێت بۆ ئەوەی یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری بفرۆشرێت و پڕۆژەی وەبەرهێنانی لێ ئەنجام بدرێت.
دکتۆر شاکر بە کوردستان24ی راگەیاند 'هیچ نووسراوێک لە پارێزگا و یانەی هەولێر یان بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە تاکو یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری بفرۆشرێت، خەڵکی شاری هەولێر دڵنیا دەکەمەوە یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ئەو دەنگۆیانەی لەمبارەیەوە دەکرێن هەموویان دوورن لە راستییەوە و ئەم یاریگەیە سیمبوڵێکی جوان و دیاری شاری هەولێرە و یادگارییەکی جوانی '. هەروەها گوتیشی 'پێنج ساڵ لەمەوبەر بە رەزامەندیی بنەماڵەی شەهید فڕەنسۆ هەریری و لەسەر داوای یانەی هەولێر بیرۆکەیەک هەبوو یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری لە شوێنێکی باشتری هەولێر بە هەمان ناو و بە شێوازێکی مۆدێرنانە دروست بکرێت، بەڵام ئەوکات هیچ سەرمایەدارێک نەهاتە پێشەوە و ئەم بابەتە داخرا'.
.کوردستان24 بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندیی بە چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە کرد، بەڵام سەرجەم لایەنەکان بێ ئاگایی خۆیان لەم دەنگۆیە راگەیاند و رەتیانکردەوە بەهیچ شێوەیەک هەوڵێکی لەمشێوەیە لەئارادا بێت
یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری کە تایبەتە بە یانەی هەولێر و موڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە یەکێک لە یاریگە دیارەکانی کوردستان دادەنرێت و تاکو ئێستا میوانداریی چەندان یاریی نێودەوڵەتی کردووە، ساڵی 2012 میوانداریی یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا کرد و پێشتریش میوانداریی جامی ڤیڤای تایبەت بە هەرێمە بێ وڵاتەکان کرد، بەشێک لە یانە گەورەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی نائارامی ناوچەکانی خۆیان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان لەم یاریگەوە یارییەکانیان ئەنجام دەدەن.