نێچیرڤان بارزانی و نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا باس لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکەن
"یەکێتی ئەوروپا دڵخۆشە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم"
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ سێ شەممە 11/09/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کونسوڵ و نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد و پرسی هەڵبژاردنی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقی تاوتوێکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیا دەربڕیوە و پشتگیری خۆشیان بۆ ئەو پرۆسە دیموکراسییە دووپاتکردۆتەوە.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە نوێترین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق کراوە و هەردوولا کۆکبوون لەسەرئەوەی کە دەبێت حکوومەتی داهاتووی عێراق وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتیانی عێراقبێت بۆ دابینکردنی ئارامی، سەقامگیری، خزمەتگوزاری و بەرەو پێشبردنی وڵات.
سەرۆکی حکوومەت و نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا باسیشیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی و یەکێتی ئەوروپا لە گەشت بوارە جیاوازەکان کردووە.


H.J