كۆمسیۆن: چەند پێشێلكارییەك لە بنكەكانی دەنگدان تۆماركراون

"پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە باشی بەڕێوەدەچێت"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئارام نەجمەدین، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی، زانیاری لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان خستەروو، ئاماژەی بەوەشكرد، چەند پێشێلكارییەك تۆماركراون و بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان دەكەن.

ئارام نەجمەدین، گوتی: "زۆر لە دەنگدەران لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەكە ھاتوونەتە بنكەكانی دەنگدان و قەرەباڵغی زۆر دروستبووە، داوایان لێدەكەین پەلە نەكەن، چونكە لەماوەی دیاریكراودا دەتوانن ھەموویان دەنگبدەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە كە ھەندێك لە دەنگدەران ئەو بەڵگەنامانەیان پێ نییە كە پێویستە بۆ دەنگدان ھەبێت، داوا لە دەنگدەران دەكەین رەگەزنامە و یان كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت لەگەڵ خۆیان بێنن، چونكە پێشتر راگەیەندراوە كە ناتواندرێت بە ناسنامە دەنگبدەن".

گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھیچ كێشەیەك لە پرۆسەی دەنگدان نییە و ھەموو پێداویستییەك دابینكراوە".

راشیگەیاند: "وەك پێشتر رامانگەیاندووە نابێ كامێرای كەناڵەكانی راگەیاندن بچێتە ناو بنكەكانی دەنگدان و بە ھیچ شێوەیەك نابێ وێنەی دەنگدەر لەناو بنكەی دەنگدان بگیرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەندێك سەرپێچی و پێشێلكاری ھەبووە و سكاڵا تۆماركراون، بە دواداچوون بۆ سكاڵاكان دەكەین".

كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد و زیاتر لە 170 ھەزار دەنگدەری تایبەت لە ھەرێمی كوردستان ھەن.

ھ.م