واشنتن پلانێکی ناتانیاهۆ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پووچەڵ کردەوە

میدیاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاشکرایان کرد، هەوڵێکی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و رۆمان گۆفمان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لە ناوخۆی ئێران، بەهۆی دەستوەردانی ئەمریکا لە ساتەکانی کۆتاییدا پووچەڵ کراوەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، پلانەکە پێش هەڵبژاردنەکانی 27ی تشرینی یەکەمی ئیسرائیل داڕێژرابوو، بەڵام رووبەڕووی دژایەتییەکی توندی بەرپرسانی باڵای دامەزراوەی ئەمنیی ئەو وڵاتە بووەوە؛ چونکە ترسیان هەبوو کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنەکە گرژییەکی سەربازیی بەرفراوان دروست بکات کە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.

راپۆرتەکە روونیکردەوە، هەڵەیەکی یەکێک لە کارمەندانی ئەمنیی ئیسرائیل وای کردووە لایەنی ئەمریکی بە تەواوی وردەکاریی پلانەکە بزانێت، ئەوەش پاڵی بە واشنتنەوە نا دەستبەجێ دەستوەردان بکات و رێگری لە جێبەجێکردنی بکات، هەرچەندە تا ئێستا سروشتی ئۆپەراسیۆنەکە و چۆنیەتیی دەستوەردانەکەی ئەمریکا بە نادیاری ماونەتەوە.

لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، لە 19ی هەمان مانگدا دەیان فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل بە بەشداریی فڕۆکەکانی سووتەمەنیپێکەری ئاسمانی، گەشتێکی درێژمەودایان کردووە و زیاتر لە 800 میلیان بە ئاسمانی سووریا و عێراقدا بڕیوە تا گەیشتوونەتە نزیک سنوورەکانی ئێران و پاشان گەڕاونەتەوە.

هەرچەندە ئیسرائیل پێشوەختە ئەم گەشتەی وەک مەشقێکی سەربازی بۆ نیشاندانی هێز و پێشگرتن لە هەر هێرشێکی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان بە واشنتنی ناساندبوو، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وابوو مەبەستی تەلئەڤیڤ ئەوە بووە ئێران بە هەڵە تەقە لە فڕۆکەکان بکات، تاوەکو بیانووی وەشاندنی گورزێکی سەربازیی راستەوخۆیان دەستبکەوێت.

بەرپرسانی واشنتن هۆشدارییان دابوو لەوەی ئەم جۆرە جووڵانە مەترسیی هەڵسەنگاندنی هەڵە و هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نوێیان لێ دەکەوێتەوە. هاوکات سەرچاوەکان دووپاتیانکردەوە، ئەو گەشتە ئاسمانییە هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانی هەمان رۆژی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ بنکەی ئاسمانیی عۆڤدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ناتانیاهۆدا نەبووە.