ترەمپ: لە چەند خولەکێکدا بنکەیەکی سەربازی ئێرانمان تێکشکاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی سنووردار و خێرای کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئێران. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە وێست پاڵم بیچ، سەر بە ویلایەتی فلۆریدا رایگەیاند: "ئێرانییەکان بنکەیەکی بچووکی بەرگریی ئاسمانییان دروستکردبوو، بەڵام ئێمە لە ماوەی 15 خولەک یان رەنگە 5 خولەکدا بە تەواوی وێرانمان کرد".
ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا زانیاریی زیاتری لەبارەی سروشتی ئامانجەکە ئاشکرا نەکرد و شوێنەکەشی بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکرد. ترەمپ تەنیا ئەو هێرشەی بە کردەیەکی سەربازیی سنووردار وەسف کرد.
هاوکات لای خۆیەوە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی دوو تەقینەوە لە دەوروبەری ناوچەی سووزا لە دوورگەی قشم و بەندەری خەمیر لە باشووری ئێران بیستراوە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، دەنگی فڕینی فڕۆکەی جەنگی بەسەر دوورگەی قشم بیستراوە. ئەم دەنگانە دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە و بە گوتەی شایەتحاڵان، ژمارەیەک لە خەڵک ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.
ئاژانسەکە روونیکردەوە، راپۆرتە سەرەتاییەکان باس لە کەوتنی دوو مووشەک لە دوورگەکە دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی قەبارەی زیانەکان یان زیانی گیانیی تەقینەوەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
هاوکات سوپای ئێران رایگەیاند، درۆنێکی ئەمریکییان لە ئاسمانی دوورگەی قشم خستووەتە خوارەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران هەینی رایگەیاندبوو، درۆنی ئەمریکی لە جۆری MQ-1ـیان لە ئاسمانی دوورگەی قشم پێکا و تێکیان شکاندووە. بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیەی ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، ئەمە 16ـەمین فڕۆکەیە لەو جۆرە کە لەلایەن ئێرانەوە دەخرێتە خوارەوە.