تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ھەرێم 30 رۆژە
داوای دیاریكردنی رۆژی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێت
K24 - سلێمانی
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێم بۆ 30 رۆژی دیکە، تەمەنی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردەوە، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنیش دەڵێن، درێژکردنەوەکان و دیارنەکردنی کاتی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەدای ئەنجوومەن و ئەندامان دروستکردووە.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2011 لەبرگەی 3 لە مادەی 10 دا ھاتووە، ئەنجوومەن دوای چوار ساڵەکەی تەمەنی دەتوانێت تا 90 رۆژی دیکە لەکارەکانی بەردەوام بێت، ماوەکە کۆتایی پێھات و ئەنجوومەنی وەزیران جارێکی دیكە بە نوسراوی ژمارە 4414 تەمەنی ئەنجوومەنەکانی بۆ 30 رۆژی دیکە درێژ کردەوە تا ئەو کاتەی پەرلەمانی نوێی کوردستان پێکدەھێنرێت و بڕیار لەبارەی چارەنووسیانەوە دەدات.
رەسوڵ عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لە خولی داھاتوودا دەبێ پەرلەمانی كوردستان چارەسەری ئەو كێشەیە بكات، یان دەبێ وادەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درێژ بكاتەوە یانیش دەبێ بڕیاری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بدات، بارودۆخەكە لەباربێت یان نا، دەبێ یاسا جێبەجێ بكرێت".
بەگوتەی بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە، ئەنجوومەن بەدواداچوون و لێپرسینەوەکانی نەماون، نموونەی ئەوەش دێننەوە لەو ٩٠ رۆژەی کە تەمەنی ئەنجوومەنی تێدا درێژکرایەوە تەنھا یەک کۆبوونەوەی ئەنجومەن ئەنجامدراون.
ھەر پەیوەست بەو باسەوە میدیا شێخ ئەحمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی خزمەت دەڵێت: "درێژكردنەوەی ماوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان كاریگەری ھەیە لەسەر كارەكانی ئەنجوومەن، چونكە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەن بێتاقەت بوونە لە كاركردن، نازانن تا كەی لەكاركردن بەردەوام دەبن، تا پلان و بەرنامەیان بۆ كاركردن ھەبێت".
کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ: "ئێمە كاری خۆمان دەكەین، چونكە دەبێ بە بڕیار كۆتایی بە ئەنجوومەن و كارەكانی بھێندرێ، بۆیە وەك ئەنجوومەن بەردەوام دەبین لەكارەكانمان
گەر ھاتووە لە دوای ئەم 30 رۆژەش چارەنووسی ئەنجوومەن یەک لا نەبووە، ئەوە بۆشایی یاسای دروست ئەبێت و ئەندامان بەھیچ شێوەیەك مافی لێپرسینەوە و بەدواداچوون و دانان و لادانیان نامێنێت.
ھ.م